شاندی هەرێم ئامادەیی نیشاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لە بارەی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی 2023 كۆبوونەوە و بڕیاریاندا لیژنەیەك لە نێوان هەردوولا بۆ ئەو مەبەستە پێكبهێندرێت و دەست بەكارەكانی خۆی بكات، لای خۆیەوە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی، لەسەر بنەمای دەستوور، تەواوی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، چارەسەربكات.

رۆژی یەكشەممە 27_11_2022 شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، د. عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا سەردانی بەغدایان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدڕاڵی كە هەریەك لە محەمەد تەمیمی، وەزیری پلاندانان و تەیف سامی، وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ و كارمەندانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و تیمی هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تێیدا ئامادەبوون، گفتوگۆ لەسەر ئامادەكارییەكان بۆ نووسینەوەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 فیدڕاڵی كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتۆیەكی تێروتەسەل لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ی حكومەتی فیدڕاڵی كرا و بیروبۆچوونەكان گفتوگۆی لەسەركرا، بڕیاریشدرا لیژنەیەك لە نێوان هەردوولا پێكبهێندرێت و دەست بەكارەكانی خۆی بكات.

شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی، لەسەر بنەمای دەستوور، تەواوی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە، لە نێویشیاندا كێشەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان چارەسەربكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا