ئیدلیب لە نێوان بەرداشی توركیاو روسیاو ئەسەد دا

پۆڵەتیك پرێس:

ئیدلب تاكە پارێزگای سوریایە كە لە بن دەستی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆندا ماوەتەوە كە لە ژێر هەژموونی توركیادایە، بەمەش چووەتە نێوان بەرداشی توركیا و روسیا و رژێمی ئەسەدەوە و تاكو ئێستا چارەنووسی دیاری نەكراوە.

تاكە پارێزگای بن دەستی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن

لە نێوان روسیاو توركیا رێككەوتنێك دروستبووە كە رەنگە ئیدلیب رادەستی رژێمی سوریا بكرێتەوە.

ماوەیەكە هێزەكانی حكومەتی سوریا كە لەلایەن روسیاوە پاڵپشتی دەكرێن، هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانیان بۆ سەر پارێزگەی ئیدلیب لە باكووری سوریا چڕكردۆتەوە، بەوهۆیەشەوە هەزاران هاووڵاتی پارێزگەكە ناچاربوون ماڵوحاڵی خۆیان لە ناوچەكە جێبهێڵن و بەرەو سنورەكانی توركیا هەڵبێن.

عەبدولكەریم ساروخان، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە تایبەت بە پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند: لە ئیدلیب لە دوای گفتوگۆی نێوان توركیاو روسیا دەردەكەوێت لەسەر هەندێك خاڵ رێكەوتبن، هەرچەندە ئاشكرا نەكراون و بڵاونەكراونەتەوە، بەڵام وەك دەزاندرێت توركیا هێزەكانی خۆی لە باشوری ئیدلیب پاشەكشە پێدەكات لە هەمان كاتدا رژێمی ئەسەدیش هێرش دەكاتە سەری.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی گشتی پارتی یەكێتی دیموكرات، وتیشی: كێشەكان لە ئیدلیب بەرەو قۆناغی گەورەتر و مەترسیدارتر دەچێت توركیا دەیەوێت تلرەفعەت و منبەج داگیر بكات، بەڵام روسیا ئەو داوایەی قبوڵ نەكردووە نەك لەبەر كوردان، بەڵكو لەبەر بەرژەوەندی خۆیانە و روسیا دەیەوێت شێوازێكی نوێی بەڕێوبردن و سیاسەت لە ناوچەكە پێش بخات.

رونیشیكردەوە دوای نۆ ساڵ لە دەستپێكردنی شۆڕشی سوریا هێشتا دۆخی ئەو شارە ئارام نەبۆتەوە و رۆژانە دانیشتوانی ئاوارە دەبن.

پارێزگای ئیدلیب دەكەوێتە سەر سنوری توركاو بە دەروازەی سوریا دادەندرێت بەڕووی توركیا و ئەوروپاداو هەر ئەوەش وایكردووە كە ببێتە جێگەیەكی ستراتیجی بۆ رووبەرووبوونەوەی گروپە چەكدارەكان و سوپای سوریا.

ئیدلب تاكە پارێزگایە بە دەستی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە ماوە، كە گروپە چەكدارە ئیسلامییە توندڕەوەكانی تێدا كۆبوەتەوە كە توركیا پشتیوانیان دەكات.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سوپای رژێمی سوریا بە پشتیوانی روسیا توانی زۆرینەی پارێزگاكانی سوریا كۆنترۆڵ بكاتەوە لە گرنگترینیان پارێزگای حەلەب بوو دوای شەڕێكی سەخت و خوێناوی.

سەدان گرووپی چەكداری توندڕەو  لە سوریا سەریان هەڵدا

لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا لە 2011 بە سەدان گرووپی چەكداری توندڕەو بە هەزاران ئەنداماوە لە سوریا سەریان هەڵدا، كە لەلایەن چەندین وڵاتەوە هاوكاری دەكران و زۆرینەی خاكی سوریایان كۆنترۆڵكرد.

گرنگترین ئەو گرووپە چەكدارانەی دروستبوون لە سوریا بریتی بوون لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا داعش و بەرەی نوسرە و سوپای ئازادی سوریا بوو، ئەو گروپانە لەلایەن توركیا و قەتەر و سعودیە و چەند وڵاتی دیكەوە پشتیوانیان دەكرا و هاوكات شەپۆلی چەكدارە توندڕەوەكان لە سەرانسەری جیهانەوە ڕووی تێكرد و بونە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهان.

لە قۆناغی دروستبوونی مەترسی لەسەر روخانی رژێمەكەی ئەسەد و فراوانخوازییەكانی داعش، روسیا و ئەمریكا و ئێران و توركیا بە چڕی چونە نێو ململانێكانی سوریاوە و چەندین كۆبونەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی تایبەت قەیرانی سوریا سازكران و چەندین رێككەوتنی لەنێوان توركیا و ئێران و روسیا و ئەمریكا لێكەوتەوە، كە دواجار بەرژەوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بوونە كێشەیەكی گەورەتر بۆ قەیرانی سوریا.

ئێستا هاوكێشەی دەسەڵات لە سوریادا كورتدەبێـتەوە لەناوچەكانی بن دەستی رژێم، ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا، ناوچەكانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكان و توركیا، ئەمریكا لە ناوچە كوردییەكان و روسیا و ئێرانیش لەناوچەكانی رژێم بوونیان هەیە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک