یاساكانی FIFA بۆ فۆتساڵ

پۆڵەتیك: سپۆڕت
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان FIFA نوێترین یاساكانی تایبەت بە تۆپی پێی ناو هۆڵ واتا فۆتساڵی بڵاو كردەوە بۆ ساڵی 2021/2020 و ئێستاش بە زمانی كوردی بەردەستە.

پەرتوكی یاساكانی تۆپی پێی ناو هۆڵ كە یاسا نوێكانی فیفا تیادا نووسراوە وەك ساڵانی ڕابردوو لە لایەن دكتۆر (هاوكار سالار) داوەری نێو دەوڵەتی كورد و مامۆستای سكوڵی وەرزش لە زانكۆی سلێمانی وەرگێڕدراوەتەوە بۆ سەر زمانی كوردی .

لە بارەی پەرتوكەكەیەوە دكتۆر هاوكار سالار بە Politic Sport ی ڕاگەیاند: (وەك لای هەموان ڕوون و ئاشكرایە و چەندین ساڵە من هەڵدەستم بە وەرگێڕانی بڕگە و یاساكانی تۆپی پێی تایبەت بە FIFA بۆ ئەمساڵیش كە ساڵی 2021/2020 یاساكان و گۆڕانكارییەكانم لە بەر دەست دایە و وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و بڵاوم كردۆتەوە و لە ماوەی داهاتووشدا كۆنفرانسی ناسینی بۆ دەكەم).

ئەو داوەرە نێو دەوڵەتییە وتیشی: (پەرتووكەكە لە دوو توێی 144 لاپەڕەی A4 دایە و ڕووكاری پێشەوەی بە فۆتۆیەكی یارییەكی جامی جیهانی ڕووكار كراوە كە لە یاری نێوان پرتوگال و كۆڵۆمبیا بەڕێوەچوو لە دواوەش چەند وێنەیەكی تێكەڵ بە چەند ڕەنگێك ڕووكار كراوە).

دواتر Politic Sport پرسیاری ئەوەی ئاراستەی هاوكار سالار كرد كە بۆچی فۆتۆیەكی خۆی لە سەر ڕووكاری پەرتووكەكە دانەناوە لە وەڵامدا وتی: (لە ناو پەرتووكەكە و لە چەند لاپەڕەیەكدا فۆتۆی خۆمی تیادایە بۆیە حەزم بەوە بوو فۆتۆكەی ڕووكار تایبەت بێت بە یارییەكی جامی جیهانی).

Politic Sport پرسیاری ئەوەشی ئاراستەی ناوبراو كرد كە بۆ مۆندیالی داهاتوو ئایا هاوكار سالار یەكێك دەبێت لە داوەرانی عێراق بەشداری بكات لە جامی جیهانی و سەری نەتەوەی كورد بەرز بكاتەوە لە نێوەندی جیهانی و FIFA و جامی جیهانی دا؟

دكتۆر هاوكار ڕایگەیاند: (من وەك خۆم ئەوەی لە توانام دایە كردوومە و دەیكەم و بەردەوامیش دەبم لە هەوڵدان تا بە باشترین شێوە ئامادە بم، بەڵام بە ڕاستی پێویستم بە هاوكاری هەموو كوردە تا بتوانم لە نێوەندی وەرزشی عێراق بە بەهێزی خۆم نماییش بكەم و بتوانم ببمە نوێنەری داوەرانی عێراق لە مۆندیالی داهاتوو كە ئەوە خەونی دێرینی منە بۆیە داوا لە هەموو وەرزشكاران و نێوەندی وەرزشی دەكەم پشتگیری و پشتیوانم بن تا نوێنەرایەتی عێراق بكەم لە مۆندیالدا و سوپاسی هەمووان دەكەم كە پشتگیری داوەرەكەی خۆیان دەكەن).

جێی خۆیەتی باس لەوە بكەین كە لە ئێستادا دكتۆر هاوكار سالار سەرقاڵی وەرگێڕانی پەرتووكی یاساكانی تۆپی پێ بۆ یاریگای گەورەیە و بەم نزیكانە تەواوی دەكات و بڵاوی دەكاتەوە.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا