سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێم پەیوەندیەكانی هەولێر و بەغدا تاوتوێدەكەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشهاتە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەكانی عێراقیان تاووتوێكرد و گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد.

ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی سێشەممە 22_11_2022، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا هاتووە: لە بەغدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دكتۆر لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ كۆبووەوە و دۆخی سەختی ئاوارەكانی عێراق لە كەمپەكاندا خرایە بەرباس، هەردوولا هاوڕابوون كە دەبێ كاری هاوبەش بۆ باشتركردنی دۆخی ژیان و گوزرانیان بكرێت و هەوڵبدرێت بە شێوەیەكی ئارام بگەڕێنەوە شوێن و زێدی خۆیان.

لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەكانی عێراق تاووتوێكرا و جەختیان لە پشتگیریی هەنگاوەكانی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ جێبەجێكردنی كارنامەكەی لە چاككردنی بژێوی ژیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتییان، كردەوە.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، باسكردن بوو لە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، كە دەبێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت، هەروەها جەختیان لە هاریكاری و یەكخستنی تواناكان بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق كردەوە.

دەربارەی هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش و كردەوەكانیشیان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق داكۆكییان لە گرنگیی هاریكاری و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان تەواوی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە و سوپا كردەوە.

هەروەها گفتوگۆ لە‌بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر_بەغدا كرا و هەردوولا جەختیان كردەوە كە دەبێ گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە بكرێت، هەروەها لە زووترین كاتدا یاسا هەڵپەسێراوەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندبكرێن و بەپێی دەستوور بگەنە چارەسەرێك كە مافەكان و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و یەكسانی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراقدا مسۆگەر بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا