كەنەداو ئەڵمانیا داوای راگرتنی هێرشەكان بۆ سەر هەرێم و رۆژئاوای كوردستان دەكەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

كەنەدا و ئەڵمانیا ئیدانەی هێرشەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەكەن و داوای راگرتنی هێرشەكان دەكەن.

كریستۆڤەر بورگر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە هەموو كاتەكاندا و نیگەرانی خۆی پیشاندا لە گیانلەدەستدانی كەسانی مەدەنی لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، داواشی لە توركیا كرد وەڵامەكانی بە رێگەیەكی گونجاو و بە پێی یاسای نێودەوڵەتی بداتەوە.

باڵیۆزخانەی كەنەداش لە عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئیدانەی هێرشەكانی ئێرانی بۆ سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان كردو دووپاتیكردەوە، ئەو جۆرە هێرشانە سەروەری خاكی عێراق پێشێل دەكەن و گیانی كەسانی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە و پێویستە ئەو هێرشانە رابگیرێن.

سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 21_11_2022 سوپای پاسدارانی ئێران جارێكی دیكە هێرشی درۆنی و مووشەكی كردە سەر كەمپەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە نزیك هەولێر، كۆیە و دەوروبەری سلێمانی.

ئەمە یەكەمجار نییە ئێران هێرشدەكاتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان. رۆژی 14ی تشرینی دووەم، جارێكی دیكە ئێران هێرشیكردە سەر بارەگاكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی كرایە ئامانج كە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەو سنوورەدان. لە هێرشەكەی كۆیەدا دوو كەس گیانیان لەدەستدا و هەشت كەسیش بریندار بوون.

بەر لەوەش، رۆژی 24 ی ئەیلوولی 2022، هێزی زەمینیی سوپای پاسداران دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی دژی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی راگەیاند و داوای لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد لە بنكە و بارەگای ئەو حیزبانە دوور بكەنەوە.

دوای چوار رۆژ و لە 28 ی هەمان مانگ، سوپای پاسداران بە مووشەك و درۆن هێرشیكردە سەر قەڵای دیموكرات و بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆیە، زرگوێز و شێراوا، لە ئەنجامدا 17 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 كەسیش بریندار بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا