لەسەر هێرشەكانی توركیا و ئێران فراكسیۆنە كوردستانییەكان هاتە دەنگ

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 22ی تشرینی دووەمی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، تایبەتە بە تاوتوێكردنی پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق، ئەوە لە كاتێكدایە كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق سەركۆنەی هێرشەكانی ئێران و توركیایان كرد و داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سیستمی بەرگریی ئاسمانی بداتە عێراق بۆ رێگری لەو هێرشانە.

رۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2022، راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی كاری كۆبوونەوەی رۆژی 22ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی وڵاتی بڵاوكردەوە كە كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ دەستپێدەكات كە كۆبوونەوەیەكی داخراو دەبێت و تایبەتە بە تاوتوێكردنی پاراستنی سەروەریی عێراق.

ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی پرسی سەروەریی عێراق دوای ئەوە هات رۆژی 20ی تشرینی دووەم، سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی راگەیاند و هێرشی كردە سەر چەند شوێنێك لە باشووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان. بەیانیی ئەمڕۆش 21ی تشرینی دووەم كۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و مووشەك هێرشی كردە سەر بارەگاكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە و بارەگای حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە كۆیە و كامپی جێژنیكانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە نزیك بەحركە.

هەر ئەمڕۆ فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا كە هەرێمی كوردستان بە مووشەك و فڕۆكەی جەنگی و درۆن بۆردوومان كراوە و دەڵێن: ئەوە جاری یەكەم نییە كە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان دووبارە دەبێتەوە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە و داوا لە ئێران و توركیا دەكەین ئەو پێشێلكاریانە رابگرن.

فراكسیۆنە كوردستانییەكان داوایان كرد لە كۆبوونەوەی 22ی تشرینی دووەم كە میوانداری دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكرێت بۆ ئەوەی هەڵوێستێكی جیدی و كرداریی هەبێت بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی عێراق.

هەروەها فراكسیۆنە كوردستانییەكان داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بداتە عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە و داواشیان لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد هەڵوێستێكی روون و ئاشكرای هەبێت بەرانبەر بەو دەستدرێژیانەی ئێران و توركیا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا