بەخێرھاتن بۆ جیھان

”ئێمە لەم جیھانە فرەڕەنگ و پلورالەدا لەدایكبووین كە تیایدا باوك و دایك ئامادەن بۆ وەرگرتن و گرتنەئامێز و بەخێرھاتنلێكردن و ڕێپیشاندانمان. ئامادەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە كە ئێمە بوونەوەری غەریب و نەناسراو نین“
ھانا ئارێنت ١٩٥٤

یەكێك لە ڕووكارە ھەرە سەرەكیی و گرنگەكانی فیكری ژنە تیوریستی ئەڵمانی ئەمریكی، ھانا ئارێنت، ئەو پێداگرتنە بەردەوامەیە لەسەر ڕەھەندە پۆزەتیڤەكانی ژیان لە جیھاندا. ئەگەر زۆرێك لە فەیلەسوفەكان باوەڕیان وایە كە ”مرۆڤ توڕدراوتە ناو جیھانەوە“ و ”بەبێ ویستی خۆی ھێنراوتە جیھانەوە“، كردەی ھاتنەجیھانەكەش بە كردەی نامۆبوون و تەنھاكەوتن و نائومێدیی و ڕەنج و تەقالایەكەی پڕزەحمەتیی بەردەوام، یەكساندەكەن. ئەوا ھانا ئارێنت ڕێك بە پێچەوانەوە، كردەی ”لەدایكبوون“ وەك كردەیەكی پۆزەتیڤ و وەك بەخێرھاتنێكی گەرم بۆ جیھان مامەڵەدەكات. لەگەڵ لەدایكبوونی ھەر منداڵێكدا كەسانێك ھەن بە خۆشەویستیی و گرنگیپێدانەوە چاوەڕێی دەكەن و دەیگرنە باوەش و گەورەی دەكەن و ڕێگای نیشاندەری دەبن، دەیخەنە سەر ڕێگای خۆی بۆ ئەوەی لە ناو جیھاندا بژیی و ئامادەبێت. لەم دیدەدا مرۆڤ تووڕنادرێتە ناو جیھانەوە بۆ ئازارچەشتن، بەڵكو دێتە ناو جیھانێكەوە كە كەسانێك چاوەڕێی ھاتنی دەكەن و بەگەرمییەوە لە ئامێزی دەگرن. مرۆڤ لەم ڕوانینە پۆزەتیڤەدا لەباتی ێوووڕدانی بەشێوەیەكی نەخواستراو بۆ ناو جیھان، دێتە ناو جیھانێكەوە بە كۆمەڵێك ئینتمای دیاریكراوەوە، جەوھەری ئەو ئینتیمایەش بەخێرھاتن كردن و ئامادەكردنی ئەو كەسە لەدایكبوویە بۆ ژیان لەناو جیھاندا.

ھاوكات ئەگەر لە بەشێكی سەرەكیی فیكری فەلسەفییدا ”مەسەلەی مردن“ مەسەلەی ژمارە یەكی بیركردنەوەی فەلسەفیی بێت، دیسانەوە لای ھانا ئارێنت دۆخەكە پێچەوانەیە و لای ئەو ”مەسەلەی لەدایكبوون“ ڕووداوی ژمارەیەكی ناو كردەی بیركردنەوەیە. لەدایكبوون لای ئارێنت ھاتنە بۆناو جیھان، جیھانێكی فرەڕەنگ و پلوارال و ھەمەشێوە، كە مرۆڤی جیاواز و فەرھەنگی جیاواز و شێوازی جیاوازیی پێكەوەبوونی كۆمەڵایەتیی و ژیانی فرەڕەنگ و جیاوازیی، تێدایە. جیھانێك پڕ لە زمان و چیرۆك و بەسەرھات و ڕوانین و خەونی جیاواز. ئەركی فیكر و ئەركی مرۆڤەكانیش بریتییە لە پاراستنی ئەم دۆخی پلورالبوونە و بەرگریلێكردن و بەردەوامیپێدانی. ئارێنت پێیوایە ئەم ئەركی پاراستن و بەرگریكردنە لە جیھان وەك گشتێكی پلورال، جەوھەری ئەو كردەی ”لەدایكبوونی دووھەمەیە“ كە ئەو باسیدەكات، كردەیەك كە مرۆڤ لە دوای ھاتنییەوە بۆ جیھان جارێكی تر دەكەوێتە ناویەوە و لەڕێگایەوە ھەم كار لەسەر كەسایەتیی و خودبوونی خۆی دەكات، ھەم لەسەر دەوڵەمەندكردنی جیھان و پاراستنی كۆڵەكە سەرەكییەكانی. بەم مانایە مرۆڤ لای ئارێنت لەڕێگای زمان و كردەكانییەوە جارێكی تر لەناو جیھاندا لەدایكدەبێتەوە، دەبێتە كەسێكی بینراو و بیستراو، كەسێكی چالاك لەگەڵ كەسانیتردا بۆ دروستكردنی ژیانێكی گشتیی مانادار و تەندروست. ھەردوو لەدایكبوونەكەش ھەڵگریی ئەگەری ھاتنەكایەی ”سەرتای تازە“ و ئەگەری دەسكاریكردنی جیھان و دەستپێكردنی شتێكی نوێن.

چەمكی” لەدایكبوون“ لە چەمكە سەرەكییەكانی ناو فیكری ئەم خانمە تیوریستەیە، خانمێك كە خۆی بەناو جەھەنەمی خوێناوی نازیزم و بەناو تونەكانی ڕاوانان و ھەڵاتن و كوشتن و بێماڵكەوتنە گەورەكانی سەدەی بیستەمدا، تێپەڕیی.

مەریوان قانع

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک