پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بڕیارە سبەی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامبدات و بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسایەك دەدرێت و خوێندنەوەش بۆ چەند پرۆژەیاسایەكی دیكەش دەكرێت.
بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، سبەی پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (12)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەمی خۆیدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق) دەدات.
هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای كەرەنتینی كشتوكاڵیی عێراقی ژمارە 76ی ساڵی 2012ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق) دەكرێت.
لە بڕگەیەكی دیكەی بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەی پەرلەمانی كوردستاندا، خوێندنەوەی دووەم بۆ چوار پرۆژە یاسای دیكە دەكرێت لەوانە، (پێشنیازەیاسای پاراستنی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازەیاسای بەركاركردنی یاسای فیدڕاڵیی واژۆی ئەلیكترۆنی و مامەڵە ئەلیكتڕۆنییەكان ژمارە 78ی ساڵی 2012، پڕۆژەیاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبەردنی ئەوقاف ژمارە 64ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق و پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق، ژمارە 14ی ساڵی 2008.