پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكات و رایگەیاند: بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندنتان بە ئەركی خۆمان دەزانین و هاوشێوەی رابردوو لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین.
دەقی پەیامەكە:
خوێندكارە خۆشەویستەكانی سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان
بەبۆنەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنەوە پیرۆزباییتان لێدەكەم و هیوای سەركەوتن و داهاتوویەكی پرشنگدارتان بۆ دەخوازم.
لە ساڵی رابردوودا بەدیداری یەكتر شادبووین و بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشەكانم پێدان، بەخۆشحاڵییەوە زۆرینەی كێشەكانمان چارەسەركرد.
ئێستاش بە بڕوای تەواوم بە رۆڵ و پێگەی ئێوە لە ئێستا و داهاتووی وڵاتەكەماندا، بەڵێنتان بۆ دووپات دەكەمەوە كە بۆ ئەمساڵی خوێندنیشتان، بەندە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵشپت و پشتیوانتان دەبین.
خوێندكارانی ئازیز
ئێوە ئەو نەوە فێرخواز و داهێنەرەن كە وڵاتەكەمان پێویستی بە توانا و لێهاتووییەكانی ئێوەیە و ئومێدی گەورەمان لەسەر داهاتووی ئێوە هەڵچنیووە. هەر بۆیە بەدیهێنانی ماف، بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندنتان بە ئەركی خۆمان دەزانین و هاوشێوەی رابردوو لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین.
پشتیوانی هەموو فشارە مەدەنییەكانتان دەبم و هیوادارم چالاكییەكانتان توندوتیژی لێنەكەوێتەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان نەبێت.
داواكارم هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بن لە پاراستنی ئاسایشی ئێوە و هاوكاریكردنی خەڵكە خۆشەویستەكەمان.
پێكەوە بەرەو داهاتوویەكی گەشتر هەنگاو دەنێین.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
12ی تشرینی دووەمی 2022