پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی فەرماندەیی هێزەكانی حەفتای كرد و لەلایەن سەرپەرشتیار، فەرماندەی هێزەكانی حەفتا و ژمارەیەك ئەفسەری پلەبەرزی هێزی پێشمەرگە، فەرماندەی دژەتیرۆر و جێگری فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستانەوە پێشوازیلێكرا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ئامادەبوو، بەوردی گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە ئەمنی و سەربازییەكان كرا و رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و سەرخستنی ئەو هەنگاوە نیشتمانییە تاوتوێكران.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و رایگەیاند، دەبێت هەموومان پشتیوانی ئەو هەنگاوە نیشتمانییە بكەین و بەسەركەوتوویی كۆتایی پێبهێنین. پێویستە هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە بونیادبنێین كە لە ئاست مێژووی خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە بێت و پارێزەری كوردستان و خەڵكە خۆشەویستەكەی بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی هەوڵ و ماندووبوونەكانی هێزی پێشمەرگەی كرد كە بەردەوام بە رۆحێكی نیشتمانپەروەرانەوە لە مەشق و راهێنانەكانیان بەردەوامن لەپێناو بەرەوپێشچوونی توانا سەربازییەكانیان. فەرماندەكانیشی راسپارد دەبێت نوێترین رێكاری زانستی و سەربازی لەم پرۆسەیەدا پەیڕەوبكرێت بەشێوەیەك كە ئەم هێزە خۆڕاگرە ئامادەی هەموو ئەگەر و پێشهاتێكی نوێ بێت.