پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ڕێکخراوی 17ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، سەفوەت عەبدوڵـڵا حەمە محەمەد، گەنجێکی دانیشتووی هەڵەبجەیە و لەدایکبووین ساڵی 1987ە، لە ڕۆژی 29ی نیسانی 2019وە لە بازگەی گۆمەسپان نزیک لە هەولێر دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی 17ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەفوەت عەبدوڵـڵا لەناو زیندانی پاراستن و ئاسایشی هەولێر ئەشکەنجەدراوە و ئێستا کێشی بووەتە 44 کیلۆگرام.
ئەوەش هاتووە، ئەوکاتەی دەستگیرکراوە، دەستگیراندار بووە و ئێستا دەستگیرانەکەی شووی کردووە و دوو منداڵی هەیە بەهۆی ئەوەی ماوەی شەش مانگ شوێنبزرکرابوو نەزانرابوو کە لە ژیاندا ماوە. بەمەش لەلایەن ماڵی ئەو گەنجەوە کچەکە ئازادکراوە لەوەی ژیانی هاوسەریی پێکبهێنێت و تائێستاش سەفوەت کە لە زینداندایە نەیزانیوە کە دەستگیرانەکەی شووی کردووە!
لەوبارەیەوە ڕەگەز کەمال ڕێکخەری ڕێکخراوی 17ی شوبات دەڵێت، لەناو دۆسیەکەی هیچ تۆمەتێکی ئاڕاستەنەکراوە و تەنها نوسراوە میوانی برا گەورەیە، ئەمەش بۆ ئەوە نوسراوە کە هیچ کەسێک و بەرپرسێک نەتوانێت ئازادی بکات بەڵام لێرەوە داوا لەمەسروور بارزانی دەکەین ڕوونکردنەوە بدات بە ئێمە و کەسوکارەکەی گەر لەسەر داوای ئەو دەستگیرنەکراوە بۆچی لەدۆسیەکەدا ئاماژە بەناوی ئەو کراوە و جۆرەها ئەشکەنجەدراوە.
جەخت لەوەش دەکاتەوە، سەفوەت هیچ ڕەخنەیەکی سیاسی لە مەسرور بارزانی و پارتی نەگرتووە و کەسێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکەی ڕۆیشتووە بۆ هەولێر و ڕاستەوخۆ لەلایەن کەسی قەرزدارەوە تەلەفۆنی بۆکراوە و لەلایەن پاراستنی پارتیەوە ڕاپۆرتی لەسەر دراوە.