پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات، لە میانی كۆبوونەوەیەكدا جەخت لەسەر چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور كرایەوە.
رۆژی دووشەممە 31_10_2022 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێنین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی پرۆسەی سیاسی و دۆخی گشتی عێراق پاش دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە، كە پێویستە هەموو لایەنەكان پشتیوان بن بۆ سەرخستنی كارنامەی حكومەتی نوێ، بۆ ئەوەی بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێكهاتەكانی عێراق بكات و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور چارەسەر بكات.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو دەربارەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم ، بەتایبەتی پرۆسەی بنیاتنانی ژێرخانێكی دیجیتاڵی لە هەرێمی كوردستان.