پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دوای هەڵبژاردنی دكتۆر لەتیف رەشید بە سەرۆك كۆماری نوێی عێراق و راسپاردنی محەمەد شیاع سودانی بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، پێشنیار و دەستپێشخەری زۆر بۆ حكومەتی نوێی عێراق خراوەتەڕوو، لەهەمووی گرنگتر دەستپێخەرییەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە كە تەئكید لە كۆدەنگی نیشتمانی دەكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.
لەمباریەوە رەفیق هاشم ساڵحی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكدا بە سایتی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی راگەیاندووە، سەرجەم سەرۆك كوتلەكان پێشوازی لە پێشنیارەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن، ئێمەش لەگەڵ حكومەتێكداین كە بەشداری هەمووانی تێدا مسۆگەربێت.
رەفیق هاشم وتیشی، دوای رێكەوتنی هەموو لایەنەكانیش حكومەتێكی نیشتمانی پێكدەهێنین كە توانای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری هەبێت.
هەروەها دەوڵەتی یاساش لەگەڵ پێشنیارەكانی یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق هاوڕایە و لەمبارەیەوە محەمەد سەیهود پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران لەلێدوانێكدا بە سایتی فەرمی یەكێتی راگەیاندووە، لەگەڵ پێشنیارەكانی یەكێتین و ئەگەر تەوافوقی نیشتمانی لەنێوان هەموو لایەنەكان لە پرۆسەی سیاسیدا نەبێت، بێگومان ناسەقامگیری دروست دەبێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ هاوبەشی و هاوسەنگی داین.
لایخۆیەوە د.بریار رەشید پەرلەمانتاری یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاندووە، یەكێتی بەردەوام تەئكید لەپێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی بە بەشداری هەموو پێكهاتەكانی كوردو شیعەو سوونە دەكاتەوە، ئەمەش بەهەنگاوێكی گرنگ دەزانێت و لەگەڵ دوورخستنەوەی هیچ لایەنەنێكدا نییە.
د.بریار رەشید ئاماژە بەوەشكردووە، یەكێتی پێی باشە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان بەشداری حكومەتی نوێ بكەن و سەردان و كۆبونەوەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە چوارچێوەی جێگیركردنی ئەو ئامانجەیە.
لە هەردوو كۆبوونەوەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لەبەغدا و لە دەباشان لە سلێمانی، تەئكید لەئامادەیی یەكێتیی لە بەغدا و هەروەها بەشداری هەموان لە حكومەت و پاراستنی مافەكانی گەلی كورد كراوەتەوە، هەوڵەكانی یەكێتیش بۆ پێكهێنانی حكومەت روونە و ستراتیژەكەی لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە ئاشكراكراوە، كە تەوافوق و بەشداری هەموان و پاراستنی مافەكانی گەلی كوردە لەو حكومەتەدا.