سۆران جەمال تاهیر: پشكی كورد لە حكومەتی داهاتوودا چوار وەزارەتە، كە وەزارەتێكیان سیادییە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

د.سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووپاتیدەكاتەوە: “یەكێتی چەند بنەمایەكی نەگۆڕی لە كاری سیاسیدا هەیەو كارنامەیەكی پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق “، پێشبینی دەكات لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دا:” یەكێتی دوو وەزارەتی بەر بكەوێت لەو چوار وەزارەتی كەپشكی كوردە”.

د.سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكی كورت دا لەگەڵ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت: یەكێتی لە قۆناغی چەقبەستوویی لە پرۆسەی سیاسیدا، بە هەلومەرجی جۆراوجۆردا تێپەڕیوەو رووبەڕووی چەندین كۆسپ و تەگەرەی سیاسی بۆتەوە و چەند دەستپێشخەرییەكی كردووە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگێكی نیشتمانی گشتگیر، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، پابەندبووە بەو بنەمایانەی كە سەرۆك مام جەلال دایڕشتووە بەمەبەستی گەیاندنی وڵات بە كەناری ئارام و تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ئیدارییەكان.

دوای راسپاردنی محەمەد شیاع سودانی سودانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، یەكەمین سەردانی بۆ لای بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لە (10/13/2022)، لە بەغدا.

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت: لەو دیدارەدا هەردوولا گفتوگۆیانكرد لەبارەی دیدو هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی سەبارەت بە میكانیزمی پێكهێنانی حكومەت و زامنكردنی مافەكانی گەلی كوردستان. بەڵام لە بارەی بەرنامە و پلانەكانی یەكێتیی نیشتمانی بۆ قۆناغی داهاتوو، دەڵێت: هەندێكجار، ڕەنگە پێداویستییەكانی قۆناغەكە پێویستی بە گۆڕینی هەندێك ستراتیژ هەبێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و عێراقدایە بەگشتی، لەڕێی پێشكەشكردنی بەرنامەو پێشنیار بۆ حكومەتی نوێ.

سەبارەت بە ستراتیژ یان پرۆژەیەكی ئامادەكراوی یەكێتیی بۆ حكومەتی داهاتوو لە چوارچێوەی ماف و داواكانی خەڵكی كوردستان، د.سۆران جەمال تاهیر ئاشكرایكرد كە : یەكێتی نیشتمانیی لە ڕێگەی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، كارنامەیەكی پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوری عێراق.

هەوڵی سەرەكی ئێمە بۆ دەستەبەركردنی شایستەكانی كورد و خەڵكی عێراقە بەگشتی، نەك بۆ دەستكەوت و ئیمتیازات و پۆست لە حكومەتی داهاتوودا و یەكێتی پشتیوانیی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز دەكات كە توانای بەدیهێنانی دیموكراسی و دەستەبەركردنی ئازادی و ژیانێكی شایستەی هەبێت بۆ گەلانی عێراق بە پێكهاتە جیاوازەكانییەوە.

لەبارەی پشكی وەزاری كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق وتەبێژی رەسمی یەكێتیی دەڵێت: پشكی كورد لە حكومەتی داهاتوودا چوار وەزارەتە، كە وەزارەتێكیان سیادییە، پێشبینیش دەكات: یەكێتی دوو وەزارەتیان وەربگرێت، لەگەڵ ژمارەیەك دەستەو بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی لە حكومەتی داهاتوودا.

یەكەمین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی لە بەغدا لە دوای ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال، رۆژی 17/10/2022 لە بەغدا بەرێوەچوو بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، كە ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە یەكێتیی ئامادەیی سیاسیی دەبێت لە بەغدا.

وتەبێژی رەسمی یەكێتیی دەڵێت: پلان و بەرنامەی زۆر هەن، كە بەم نزیكانە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەوەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەیی بەردەوامیان هەبێت بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا، بە ئامانجی وەبەرهێنان لەو پاشخانە ستراتیژییە سیاسییەی سەرۆك مام جەلال بنیاتی ناوە.

پتەوتركردنی پەیوەندییە سیاسییەكان لەگەڵ سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییە جیاوازەكان، و بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە عێراقدا ستراتیژی یەكێتییە لە بەغدا سۆران جەمال تاهیر وا دەڵێت.

سەرچاوە : PUKMEDIA

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا