پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
محەمەد ساڵح عێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر لەسەر پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، “سودانی دەستیکردووە بە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانیی شوێنکەوتوی میلیشیایی”، وتیشی، “بەشداری لە حکومەتدا ناکەین”.
لە نوێترین بڵاوکراوەیدا وەزیرەکەی سەدر ئاماژەی بەوەکرد، هەر شوێنکەوتوویەکی ڕەوتی سەدر بەشداری لەو حکومەتەدا بکات کە سودانی سەرۆکایەتی دەکات و لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پشتیوانی دەکرێت، بە دوژمنی سەدر هەژماردەکرێت.
وتیشی، “پێشتریش موقتەدا سەدر هۆشداری داوە وڵات دەبێتە یاری دەستی ئەجێندا دەرەکییەکان و چەک دەکەوێتە دەستە نایاساییەکان و پارەی میللەت دەچێتە گیرفان و بانکی گەندەڵکارانەوە”.
جەختی لەوەش کردەوە، “هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نیشتمانی بەرفراوان لە عێراق شکستیهێناوە و دەستکراوە بە پێکهێنانی حکومەتێکی میلیشیایی تاقیکراوە کە ناتوانێت داواکاری گەلی عێراق بەدیبهێنێت”.
ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن دکتۆر لەتیف ڕەشید سەرۆکی نوێی کۆماری عێراق، محەمەد شیاع سودانی ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە.