پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ڕفاندنی هاووڵاتییەکەی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد تاوانەکە لەلایەن گروپێک ئەنجامدراوە کە پێکهاتبوون لە کورد و عەرەب.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
رۆژی پێنج شەممە 14/ 10 / 2022 سەعات 4:10 دەقە چەند کەسێکی دەرچوو لە یاسا بەجلوبەرگی سەربازی و چەکەوە ھەڵدەکوتنە سەرماڵی بەڕێز ( یونس قادر ئەحمەد) لە گەڕەکی ئاشتی سلێمانی کە پیشەی بازرگانە و یەکێکە لە سەرمایەدارەکان و دەیڕفێنن و ئۆتۆمبێلکەی لەجۆری لێکزز و بڕێکی پارە و ئاڵتوون دەدزن و ھەڵدێن .
پاش ئاگادارکردنەوەی ھێزەکانمان و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی ورد سەرەداو دەستکەوت کە ئەم تاوانکارییە لەرێگای گروپێکەوە ئەنجام دراوە کە پێکھاتبوون لە کورد و عەرەب ، سەرئەنجام لەسەر پێشنیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ژورێکی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێکھێنراو شوێنی تۆمەتباران ئاشکراکرا کە بەرەو بەغدا ھەڵھاتوون.
پاش رەزامەندی بەڕێز دادوەر تیمێکی تایبەتی ئاسایشی سلێمانی ھەمان رۆژ گەیشتنە دیالە و بەھاوبەشی ھێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی توانرا لەھەڵمەتێکی سەرکەتوودا دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی ( ئ ، م ) و ( ھ . ی ) و ھاوڵاتی بارمتەكراو (یونس قادر ئەحمەد)یش رزگار بکەن.
دواتر لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و لەدوو ھەڵمەتی جیادا رۆژی پێنج شەممە !3 / 10 / 2022 لە قەزای کفری گەرمیان تۆمەتبار ( م . م ) دەستگیرکراو رۆژی 14 / 10 / 2022 لە سلێمانی تۆمەتبار ( ح . ع ) دەستگیرکرا و لەلایەن ھێزەکانیشمانەوە دەست بەسەر جبەخانە و چەک و جلوبەرگە سەربازییەکانیشدا گیرا .
بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە ئاشکراکردنی ئەم گروپە و دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە تۆمەتباران لەماوەی کەمتر لە 24 سەعات بەرئەنجامی شەونخونی و کارکردنی بەردەوامی ھێزەکانمان بوو، کە وەک ھەمیشە ئامادە و سازبوونە لەپێناو ئاسایش و ئارامی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان .
ھەروەک سوپاسی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەکەین کە ھەماھەنگ و ھاوکاربوون لەسەرخستنی ئەم چالاکییەکدا و لێکۆڵینەوەش لەرووداوەکە بەردەوامە و لە داھاتوودا لەبارەی ئەم گروپە تاوانکارییە زانیاری زیاتر دەخەینەڕوو .