پارتی بەشداری كۆبونەوەی لایەنەكانی لە كەركوك نەكرد

پۆڵەتیك پرێس:

كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە كوردییەكان جگە لە پارتی لە شاری كەركوك دەستیپێكرد، بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كۆدەنگی لایەنە كوردستانییەكان دەكرێت لە شاری كەركوك بۆ پرۆسەی شاڵاوی تەعریب بەرامبەر بە كورد لەم شارەدا.

نەجات حاجی تۆفیق بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كەركوك بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لە ئێستادا كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كەركوك بەردەوامە كە لە مەڵبەندی دووی یەكێتی بەڕێوەدەچێت و تیایدا هەریەك لە، یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و سۆسیالیست و زەحمەتكێشان بەشدارن.

لەبارەی تەوەرەی كۆبوونەوەكەشەوە ناوبراو وتی: باس لە كۆدەنگی لایەنە كوردستانییەكان دەكرێت لە شاری كەركوك بۆ پرۆسەی شاڵاوی تەعریب بەرامبەر بە كورد لەم شارەدا و بۆ یەكدەنگی كورد لەو رووداو و پێشهاتانەی لە شارەكەدا روودەدەن.

باسی لەوەشكرد، تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كەركوك لەسەر بابەتە نەتەوەییەكان و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە گەلی كورد و بە شارەكەوە هەیە هاوڕان، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان.

نەجات حاجی تۆفیق وتیشی: پارتی لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار نییە و لە دوای لێكەوتەكانی ریفراندۆمیشەوە پارتی لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی شارەكەدا بەشداری نەكردووە.

لەبارەی بەشداریكردنی لایەنە سیاسییە كوردییەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا بە یەك لیست وتی: ئەوە هەموو كات ئەگەرێكی بەهێزە، بەڵام دەكەوێتەوە سەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە و نازانرێت ئایا یاساكە بەو رەشنوسەی لە ئێستادا بەركارە تێدەپەڕێت یان گۆڕانكاری تیادا دەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا