دەزگای دژەتیرۆر راگەیەندراوێكی توندی بڵاوكردەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دەزگای دژەتیرۆر بە توندی چەواشەكارییەكانی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان رەت دەكاتەوە كە گوایە ئەفسەرانی دژەتیرۆر تاوانبارن لە تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف.

لە راگەیەندراوێكدا دەزگای دژە تیرۆر بڵاویكردەوە، دەزگای دژە تیرۆر هێزێكی نیشتمانی، رێكخراو، فەرمی، حكومی، تایبەت و مەشقپێكراوی سەربازییە و رۆڵێكی مێژوویی بینیووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە سەرتاسەری عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەت.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دژە تیرۆر ڕۆڵی بینیوە لە پاراستنی سەقامگیری و بەرقەراركردنی ئارامی و ئاسایش كە نەك تەنیا لە هەرێم جێگای شانازییە، لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشەوە متمانەپێكراو و رێزلێگیراون و هاوكار و هەماهەنگی سەرەكی بوون لە سەركەوتن بەسەر جەنگی تیرۆردا.

باس لەوەشكراوە، ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتباركردنی لەلایەن هێزێكی هەواڵگری چەواشەكار كە هەمیشە لە بەرەكانی جەنگی پارێزگاری لە كوردستان هەڵهاتووە و سەربەلایەنێكی پیلانگێری دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە كە رێڕەوی ئاسایشیان ونكردووە و لەبری كاركردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەكەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن كە سیاسییە دۆڕاوەكانیان فەرمانیان پێدەكەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەكارە جێبەجێیان دەكات.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، ئێمە لە دەزگای دژەتیرۆر لەوە تێدەگەین خۆهەڵقورتاندنن لە كاروباری سیاسەتی دۆڕاو، بەڕێوەبردنی فاشیل و نۆكەریكردن بۆ بێگانە و تۆمەتباركردنی لایەنێكی دیكەی نیشتیمانی كە مێژووەكەی پڕ لە سەروەری و شانازییە، كاری بەردەوامی ئەو دەزگا هەواڵگرییە كە ئێستا و لەم ساتەوەختە هەستیارەی كە عێراقی پێداتێدەپەڕێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە ئەوان بەردەوام بۆ پەردەپۆشكردنی پەڵە رەشەكانیان دەست بۆ سیناریۆ و پلانی دوژمنكارانە دەبەن.

لە درێژەی راگەیەندراوەكەی دەزگای دژەتیرۆر ئەوە خراوەتە ڕوو، خۆ ئەگەر ئەمشەو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بكشاندایەتەوە ئایا ئەمشەو ئەو ڤیدیۆیە بڵاو دەكرایەوە؟ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان زۆر لەوە هۆشیارترن كە باوەڕ بە سیناریۆیەكی لەو شێوەیە بكەن لە شەوی پێش دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.

دەزگای دژەتیرۆر روونیكردووەتەوە، ئێمە لێرەوە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی رووندەكەینەوە:

1. تەواوی ئەو ڕووداوەی لە ڕێككەوتی (7ی تشرینی یەكەمی 2022) لە شاری هەولێر روویداوە، بە پیلانی پاراستن و تیمێكی دیاریكراو جێبەجێكراوە كە ماوەیەكە لەژێر چەتری بە ناو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە هەولێر كاردەكەن و بۆ جێبەجێكردنی مەرامە گڵاوەكانیان ئاڕاستەكراون. چەندینجار ڕامانگەیاندووە پێویستە پارتی و دەزگا هەواڵگرییەكانی لە مەرامی ئەو گرووپە هەڵهاتووە لە یاسا ئاگاداربن كە ئێستا لە هەولێر نۆكەری بۆ وڵاتانی هەرێمی دەكەن.

2. ئەوانەی بە پیلان تۆمەتباركراون ئەفسەری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانن، كە دەبوایە بۆ ڕێزگرتن لە ئەنجوومەنەكە و جوانتركردنی پیلانەكەیان، ڕێوشوێنی یاساییان بگرتایە بەر نەك بە شێوەیەكی چەتەگەری دەستگیریان بكەن و ئەو تۆمەتە نامرۆڤانەیان بخەنە پاڵ. بەوپێیەی ئەو ئەنجوومەنە سەر بە دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانە، لەمەشدا پارتی دەزگا نیشتیمانییەكان بۆ پلانە گڵاوەكانیان بەكار دەهێنێت.

3. سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەكان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رەتدەكەینەوە و دڵنیاتان دەكەین خەڵكی خۆشەویستی كوردستان زۆر لەوە هۆشیار و تێگەیشتووترن كە بكەونە ژێر كاریگەری سیناریۆی بەتاڵ و بێبنەماوە.

4. داواكارین بۆ یەكلاكردنەوەی سیناریۆكە، تیمێكی پسپۆڕی بێلایەن لە (هێزەكانی عێراق، هێزەكانی هاوپەیمانان و یەكێتی ئەوروپا) لەژێر چاودێری پەرلەمانی كوردستان پێكبهێنرێت و خاوەندارێتی دۆسییەكە بكەن و تەواوی راستییەكان بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بخەنەڕوو.

5. بۆ هەموولایەكی رووندەكەینەوە دەزگای دژەتیرۆر وەك هەمیشە لە سەنگەری پاراستنی خاكی كوردستان، سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری و ئاسایش و شكۆی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكاندا رووبەڕووی هەر پیلانێك دەبینەوە كە ئارامی و سەقامگیری خەڵك بخاتە مەترسییەوە و داتاشینی سیناریۆی بێبنەما لەم ئەركە پیرۆزە ساردمان ناكاتەوە.

6. بەڕێز بەڕێوبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر، تەواوی ئەو دانپێدانانە رەتدەكاتەوە و هیچ كاتێك پێویستی نەكردووە ئەفسەری هەواڵگری، بەڕێوبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر ببینن، تەنیا یەكجار و لە ساڵی رابردوودا دوای ڕووداوەكانی هەشتی تەمموز سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆریان كردوە، سەربە سەنتەری موسڵی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری بوون و لەلایەن (عقید هاوكار) سەرپەرشتیكراون.

7. روونیشیدەكینەوە دەزگای دژەتیرۆر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەكو ئەمڕۆ ئەو هێزەبووە باوەڕی بە پاراستنی خاكی كوردستان و خەڵكەكەی هەبووە و هەرگیز خۆی لەبەرپرسیارێتی نەدزیووەتەوە. هەر كارێكیش لەچوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان بێت بێترس و دوودڵی دەیكات. مێژوومان ئەمەی سەلماندووە و رووبەڕوونەوەی چەكدارانی داعش سەلمێنەری ئەم راستییەیە. دووپاتیشی دەكەینەوە خوێنی هیچ پێشمەرگە و ئەفسەرێك ناگۆڕینەوە بە هیچ دەستكەوتێكی تایبەت. هیچ شتێك لە خوێنی رۆڵەكانمان بەبەهاتر نییە و لەهیچ كەسێكیش خۆشنابین یاری بە چارەنووسیانەوە بكات.
8. بە دڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنین هەر هێز و گرووپێكی لەیاسا دەرچوو بیەوێت شكۆی ئاسایشی هەرێم تێك بدات، بە گورزێكی نیشتمانییانەی كوردانە تێكی دەشكێنین. ئێمە داواكارین ئەو بارودۆخە بەپێی یاسا ڕاست بكرێتەوە ئەگەرنا بەڕوونی دەڵێین (لەجێی سندان قوزەڵقورتە).

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا