حكومەتی هەرێم لە 20 ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئامادەكاریی پێویستی كردووە لە 20ـی ئەم مانگەوە، دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی بكات، سەرەتا نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوی و ساردەكانی هەرێم بە سەر هاووڵاتییان دابەش بكرێت هاوشێوەی ساڵانی پێشوو.

رۆژی چوارشەممە 12_10_2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، رەشنووسی پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانی كانزایی لە هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ و راگۆڕینەوە خرایەڕوو .

سەرەتا سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، گرنگیی و بایەخیی هەبوونی پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانی كانزایی دووپاتكردەوە، كە هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابووری هەرێم و رێكخستنەوەی بواری وەبەرهێنان لە سامانی كانزاكانی هەرێم بە دید و ستراتیژێكی نوێ، كە باشترین ئەزموون و پێوەر و رێكارە كارپێكراوە نێودەوڵەتییەكان لەخۆبگرێت، چونكە تا ئێستا یاسایەكی كۆنی عێراقی بەركارە كە هی ساڵی 1988ە و بەربەست و ئاستەنگی زۆری تێدایە و ناگونجێت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئێستا. دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوەیەكی بەرفراوان، ئەنجوومەنی وەزیران لە روانگەی بایەخی ئەم یاسایە بۆ گەشەسەندنی ئابووریی هەرێم و هەمەجۆركردن و فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات، بڕیاریدا لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەتەكانی ( سامانە سروشتییەكان ، پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی) و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان و سەرۆكی دیوان و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێكبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە بارەی رەشنووسی پڕۆژە یاساكە خرانەڕوو بە ئاراستەی دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە و ئامادەكردنەوەی رەشنووسی پرۆژە یاساكە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە دابەشكردنی نەوتی سپی كە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت خرایەڕوو.

تێیدا ئاماژەی بەوەكرد كە سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ لە سەر داوای سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رەزامەندی داوە لە سەر ناردنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەم مانگە، وەك قۆناغی یەكەم، ئاماژەشی بەوە دا كە وەزارەت ئامادەكاریی پێویستی كردووە لە 20ـی ئەم مانگەوە، سەرەتا نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوی و ساردەكانی هەرێم بە سەر هاووڵاتییان دابەش بكرێت هاوشێوەی ساڵانی پێشوو.

بڕگەی سێیەم، خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان وئەنفالكراوان سەبارەت بە لێخۆشبوون لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەركەوتووانی چەكی كیمیاویی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەخشینانە ( منحە ) ی وەریانگرتووە لە دوای بەركاربوونی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 كە لە لایەن عەبدوڵڵا مەحموود محەمەد وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە ئەركی حكومەت كردەوە لە خزمەتكردنی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان وبەركەوتووانی چەكی كیمیاویی، كە شایستەی خزمەتكردنن و گرنگیی رەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتییان، بە كۆی دەنگ پێشنیازەكەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان وئەنفالكراوانی پەسەندكرد و وەزارەتی دارایی وئابووری راسپارد بەجێبەجێكردنی پێشنیارەكە و بەدەركردنییان لە رێنمایی دارایی لەمبارەیەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا