هەڵبژاردنی پێشوەختە و دۆزی ئاوارەكان

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

تەنیا هەشت مانگ ماوە لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، بەڵام چەندین گومان و ترس لە دڵی دانیشتووانی وڵاتەكە هەیە لە گرنگترینیان بوونی زیاتر لە ملیۆن و نیوێك ئاوارە كە لە دەرەوەی لانەی خۆیان و لەژێر سێبەری یاسای هەڵبژاردنی پێشنیاركراو دەژین، كە رەنگە مافی ئەوەیان نەداتێ نوێنەرێكی گونجاویان هەبێت.

زیاتر لە سێ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئازادكردنی دوا ناوچە لەژێر دەستی داعش، هەندێك لە ئاوارەكان و بەتایبەت ئەوانەی خەڵكی موسڵ و ناوەندی پارێزگای نەینەوان، ناوچەكانی رۆژئاوای نەینەوا وەك قەزای سنجار و ئەلنەواحی، تۆراون لەوەی جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆ لانەكانیان ئەوەش بەهۆی بوونی دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە ئێران كە ساڵانێكە رەتی دەكەنەوە ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن.

ئاوارەکان گومانیان هەیە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەشێوەیەكی دروست و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت

ئاوارەكان بەهەمان هۆكار كە رێگرە لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان، گومانیان هەیە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەشێوەیەكی دروست و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت، تا نوێنەرێكی گونجاویان بۆ مسۆگەر بكات، بەتایبەت دوای دزەكردنی پێشنیاری یاسای فرە ئیدارەیی كە وادەكات یەكە ئیدارییەكانی دیكە لەپاڵ موسڵدا بەیەك ئیدارەی هەڵبژاردن هەژمار بكرێن.

جاران موسڵ شەش كورسی هەڵبژاردنی بەدەستدەهێنا، بەڵام ئێستا و لەدوای بوونی بە یەك ئیدارە لەگەڵ ئیدارەكانی دیكەی دەرەوەی شارەكە ناتوانێت تەنانەت یەك كورسیش بەدەست بهێنێت، بۆیە ترسێكی زۆر هەیە سەنگی موسڵ بۆ بەرژەوەندی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە ئێران دان، لە هەڵبژاردن كەمبكرێتەوە.

ترس لە ساختەكاری هەڵبژاردن

ئەبو ئەحمەد لەدایكبووی جورف ئەلسەخەرە كە دەكەوێتە باكوری پارێزگای بابل لە باشوری عێراق باسی لەوەكرد، ترسیان لە دڵدایە میلیشیاكانی سەر بە ئێران نەبوونی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بكەنە هەل و بیقۆزنەوە بۆ ساختەكاری لە دەنگەكان بە سودی خۆیان.

جەختی لەوەش كردەوە، زۆربەی ئاوارەكان بەشداری دەنگدان ناكەن ئەگەر گرەنتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و شوێنەكانیان نەدرێتێ.

لەوبارەیەوە ئاوارەیەكی دیكە دەڵێت: پێویستە هەموو ئەو ئاوارانەی توانیویانە بگەڕێنەوە زێدەكانیان بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن ئەوەش لەپێناو رێگری كردن لە ساختەكاری.

لە هێزی چەكدارییەوە بۆ پەرلەمانتاری

ماجد سامەڕایی نوسەر و شیكەرەوەی سیاسی باس لەوە دەكات، ئەو یاسا نوێیە كە هێشتا بەتەواوەتی بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی نەدراوە، پشت بە فرە ئیدارەیی دەبەستێت بەجۆرێك قەزا و ناحییەكان وەك یەك یەكەی هەڵبژاردن هەژمار دەكرێن، ئەوەش بێگومان حزب و میلیشیاكان دەیقۆزنەوە.

كۆمەڵە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بەشێوەیەكی سەرەكی ئامانجیان سودوەرگرتنە لە دەنگی ئەو ئاوارانە

راشیگەیاند، كۆمەڵە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بەشێوەیەكی سەرەكی ئامانجیان سودوەرگرتنە لە دەنگی ئەو ئاوارانە، تا ئەوە دەربخات كە پاڵپشتییان لە تەواوی پارێزگاكاندا هەیە، دەشڵێت: رەنگە هەمان سیناریۆی ساڵی ٢٠١٨ دووبارە ببێتەوە تا ئەم چەكدارانە ببنە ئەندام پەرلەمان ئەوەش لەڕێی ساختەكاری و كڕینی دەنگەكانەوە.

جەختی لەوەش كردەوە، ئەو كۆمەڵە چەكدارانەی دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەی ئاوارەكاندا گرتووە، لەڕێی ساختەكاری یاخود چەكەوە، هەڵدەستن بە بردنی دەنگی ئاوارەكان.

مستەفا كازمی هەوڵ دەدات ئاوارەكان دڵنیا بكاتەوە

لە بەرامبەردا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات گومان و دڵەڕاوكێی ئاوارەكان لەڕێی دابین كردنی ژینگەی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان و بەشداری پێكردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی وڵاتەكە بڕەوێنێتەوە.

کازمی هەوڵ دەدات بۆ دابین کردنی کەشێکی گونجاو و سەقامگیر بۆ ئاوارەکان

هاوكات، كازمی لە سەردانەكەیدا بۆ كەمپی قادیا لە زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك پەیمانیدا هەموو ئەو داواكارییانەی ئاوارەكان پێویستیانە بۆیان دابین بكات، ئیتر ئەگەر لە كەمپی قادیا بێت یاخود كەمپەكانی دیكە، لەگەڵ ئەوەشدا فشاری خستە سەر حكومەت تا كاری جددی بكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە بۆ زێدی خۆیان و دابین كردنی كەشێكی گونجاو و سەقامگیر بۆ ژیانیان.

بارزانی هیوا بۆ هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە دەخوازێت

لە ماوەی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی عێراق كۆبوونەوە و باسیان لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی ئەمنی كرد لەنێوان هێزە چەكدارەكان بەمەبەستی رێگری كردن لە تێپەڕبوونی پاشماوەكانی چەكدارانی داعش و دابینكردنی سەقامگیری و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان بەشێوەیەكی یەكجاری، هاوكات، بەڕێوەچوونی پرۆسەیەكی سەركەوتووانەی هەڵبژاردنەكان كە دەربڕی راستی ویستی عێراقییەكان و هەڵبژاردنی دیموكراسییان بێت.

مانگی تەمموزی رابردوو، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ی وەك رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی وڵاتەكە دیاریكرد.

Tracking Missing Yazidis Increasingly Harder Six Years After IS Genocide |  Voice of America - English

سەرچاوە: ماڵپەڕی كەناڵی الحرە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا