قوباد تاڵەبانی رۆڵی ئەڵمانیا لە هاوكاریكردنی هەرێم بەرز دەنرخێنێت

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی: راوێژكارە ئەڵمانییەكان رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە هاوكاریكردنی حكومەت بۆ پێشخستنی پڕۆسەی چاكسازی
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مارتن یێگە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، ستایشی رۆڵی راوێژكارە ئەڵمانییەكانی كرد لە هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاكسازی لە دامەزراوەكانی حكومەتدا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی 10_10_2022 بەڕێوەچوو و تیایدا كڵاوس شتخایشە كۆنسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە كونسوڵی نوێی ئەڵمانیا كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونییەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكەیدا.

لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ ستایشی رۆڵی راوێژكارە ئەڵمانییەكان، داوایكرد پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا لە هەموو روویەكەوە و بە تایبەتیش لەڕووی بازرگانییەوە بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت و ئامادەیی حكومەتی هەرێمیشی دووپات كردەوە بۆ كارئاسانیكردن بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەڵمانییەكان كە لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.

لەم چوارچێوەیەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا رایگەیاند وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكارییەكانیان و لە نزیكەوە كاردەكەن لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق كرا و هەردوولا هاوڕابوون پێویستە كورد بە یەكگرتوویی بەشداربێت لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراقدا بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێت داكۆكی لە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا