پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پەرلەمانی عێراق دوو لیژنە رادەسپێرێت بۆ بەدواداچوونی بۆردوومان و تۆپبارانەكانی توركیا و ئێران لە ناو هەرێمی كوردستان.
رۆژی شەممە، 8_10_2022 هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە نوێنەرایەتیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە كرا كە ئەوەی وڵاتانی دراوسێ دەیكەن پێشێلكاریی دەستووری و یاساییە، بە تایبەتی دوایین جار كە ئێران هێرشیكردە سەر كۆیە و قوتابخانەكان و هاووڵاتیی سڤیل.
رۆژی شەممە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەریەكە لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی راسپارد بۆئەوەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدواداچوونی تەواو بۆ بۆردوومان و تۆپبارانەكانی ناو عێراق بكەن.
بڕیارە ئەو دوو لیژنە راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن و دواتر لە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی عێراقدا بیخەنەڕوو و پەرلەمانتاران گفتوگۆی لەبارەوە بكەن.
رۆژی 28-09-2022 ئێران، قەڵای دیموكرات و بارەگای چەند حیزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستانی لە سنووری شێراوە لە نزیك پردێ، زڕگوێز لە سنووری سلێمانی و كۆیە لە سنووری هەولێری بۆردوومانكرد و بەهۆیەوە 17 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 كەسی دیكە برینداربوون.