حكومەتە پارە گۆڕەوەكەی كابینەی 9 بەتەواوی ئیفلاسی كردووە

موچە، كە ئەساسی ترین و سەرەتایی ترین مافی هاووڵاتییانە، دەبێت دابەشبكرێت، كە نەكرێت هەموو لایەنەكان لێی بەرپرسیارن و دەبێت هەڵوێستی جیددی وەربگرن، بەڵام حكومەتە پارە گۆڕەوەكەی كابینەی (٩) ئەوەی بیری نەبێت دابەشكردنی موچەیە.

ئەم حكومەتە لە ڕێگەی دەڵاڵەكانییەوە هەر ڕۆژەو ئەم وڵاتە ڕادەستی قەیران و قەدەرێكی دیكە دەكات. مۆدێل و ناباوی سەیر دێنێتە بوون، تەنیا بۆ بە لاڕێدابردنی پرسە ئەساسییەكان؛ ئەگەر حكومەت بە ڕاستەقینەیی دەوری خۆی ببینێت، ڕێگە دەدات دام و دەزگاكانی دەوڵەت توانای لێپرسینەوەیان هەبێت لەسەر هەر تاوانێك كە دەكرێت و خۆشی سەرقاڵی دابینكردنی ژیانێكی باشتر دەبێت بۆ هاووڵاتییان.

لێرە، حكومەت دەوری سەڕاف دەبینێت، پارە لە بەغدا دێت و بە مەبەلەغێكی زۆر لە بانكی بەرپرسە باڵاكان بە خێری ملیۆنان دۆلار دەیگۆڕنەوە و قازانج دەكەن و بەشێكی كەمیشی دابەش دەكەن. لە خاڵە سنوورییەكان قاچاخچیەتییەكی بە سیستم كراو دەڕواتە ڕێوە و بارهەڵگر هەیە لە ڕۆژێك زیاتر (٥) جار (١٥) هەزاری لێدەسەنن وەكو سەرانە، بازگەی شێراوە بە نمونە؛ ڕۆژ هەیە هەر بارهەگرێك زیاتر لە (١٠٠) هەزار دیناری وەكو سەرانە لێ دەسەندرێت.

سەدان كۆمپانیای وەهمی خەریكی خۆ دەوڵەمەند كردن و بازرگانیكردنە بە ژیانی خەڵكەوە. دەروازی سنووری هەیە بە تەواوی لە لایەن گروپێكەوە كۆنتڕۆڵكراوە و كەس ناتوانێت لێپرسینەوەشیان لەگەڵ بكات! داهاتەكانی بەشێك لە خاڵە گومرگییەكان تەنیا بریكاری وەزیر یان بەڕێوەبەرێكی گشتی لێی ئاگادارن و نایەنەوە خەزێنەی دەوڵەت.

پارەی نەوت ساڵانە نزیكەی (١) ملیاری دەدرێت بە توركیا و باقیەكەی تری بەشێكی زۆری بۆ كۆمپانیای كاری نزیك لە سەرۆكی حكومەت دەڕوات و بەشەكەی دیكەشی بە ٧.٥ دۆلار كەمتر لە بازاڕی هەموو دنیا هەرزان فرۆشت دەكەن و پارەی خەڵك بە ڕەژەی %٣٠ یش نامێنێتەوە، و دەڵێن پارە نییە!

لەگەڵ بەغدا كێشەكان بە شەخسەنە دەكرێن و عینادییە سیاسییەكانییان تێكەڵ بە كێشە دەستوورییەكان دەكەن، و لەوسەرەوە دەبێت هاووڵاتییان باجەكەی بدەن. مەتاڕ هەیە بووەتە سەنتەری ئاڵوگۆڕی مادە هۆشبەرەكان و بازرگانی چەك و كارەساتی گەورە، و سەرۆكی حكومەت سامتە لە بەرامبەری، كە دواتر بەڵگە گەورەكان بڵاو دەكەینەوە.

ئەم حكومەتە، كە ناتوانێت موچە بدات و خزمەتگوزارییە گشتییەكان دەستەبەر بكات، دەبێت لێرەوە خۆی دەستلەكار بكێشێتەوە و یاری بە چارەنووسی خەڵكی نەكات. دڵنیام ئێستا سەرۆكی حكومەت و تیمەكەشی تێگەیشتوون لە ئیفلاسی حكومەتەكەیان كە لە هەموو لایەنێكەوە داڕوخاوە و تەنیا ماوە دانی پێدابنێن.

تێبینی: هەموو ئەو مەلەفانەمان دەیان جار داون بە حكومەت و پەرلەمان، بەڵام نابیست و نابینن لە ئاست ئەو هەموو كاولكارییە.

كاروان گەزنەیی
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا