ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرا دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا رەشنووسی پرۆژە یاسایەكی كشتوكاڵی و بڕیارێكی تایبەت بە چاكسازی پەسەند كران.

رۆژی چوارشەممە5_10_2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژە یاسای ( بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای كەرەنتینی كشتوكاڵیی فیدراڵی ژمارە 76 ی ساڵی 2012 ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان ) كە لایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو خرایەڕوو. پاشان لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كرا و ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، راسپێردرا بە ئاراستەكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی تەشریعكردنی.

پاشان لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە و لە چواچێوەی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی، رەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە جێبەجێكردنی ماددەی ( 9 ) لە یاسای چاكسازی لەلایەن عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون خرایەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران رەشنووسی بڕیارەكەی پەسەند كرد.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی پێداگیریی خۆی كردەوە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، لە پێناوی رێكخستنەوەی وەزیفی گشتیی و خانەنشینیی و هێنانەدی دادپەروەریی لە سوودمەندبوون لە داهاتی گشتیی و رێگەگرتن لە بەهەدەردان و سوودمەندبوونی ناڕەوا، بەمەرجێك مافی خەڵكانی شایستە پارێزراوبێت و نەبێتە هۆی بێبەشكردنیان لە شایستە و مووچەی رەوای خۆیان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا