پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانی وتارێكدا لە رێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی كۆچی سەرۆك مام جەلال رایگەیاند، مایەی سەربەزیمانە ئەمڕۆ پێكەوە لە حزوری رۆحی بەرزە فڕی سەركردەی مەزنی گەلەكەمان كۆبوینەتەوە، لە راستیدا مام جەلال بە تەنها سەرۆك و بیرمەندێكی سیاسی نەبو، بەڵكو رێبەرێكی هەرە درەوشاوەی داهێنەری شۆڕشی نوێ و لە هەمانكاتیشدا پێشمەرگەیەكی دێرین و دانەبڕاوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و دیموكراتخوازی هەرە راستگۆی ناو بزوتنەوەی ئازادیخوازی عێراقیش بو.
سەرۆك كۆماری عێراق وتیشی: مام جەلال بۆ خوێندكارەكانی مامۆستا و بۆ هاوڕێكانی سایە و سێبەری وەفا بو، لەگەڵ شۆڕشگێڕەكان پێشمەرگە بو، لەگەڵ نوسەران و روناكبیران داكۆكیكارێكی نەگۆڕی رای سەربەست و ئازادی بیركردنەوە و بیروباوەڕ بوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، مام جەلال نمونەیەكی هەرە باڵای نەریتی وشە بە وشەی نوسین بە نوسین وەڵام دەدرێتەوە، خەسڵەتە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی مام جەلال لێبوردەیی و دادپەروەری و جوامێری و مرۆڤدۆستی و بەهاناوەچونی هەژاران و بێنەوایان و داڵدەدانی ئاوارە و دەربەدەران خەسڵەتێكی هەرەزیندون كە وەك سەرمایەكی گەورەی رەمزی بەجێماون بۆ مان، كە مایەی شانازی و شاهێدی دۆست و دوژمنن.
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە وتارەكەیدا لە رێوڕەسمی ساڵڕۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و وتی، بە دۆخێكی یەكجار هەستیار و پڕكێشمە كێشمدا تێدەپەڕن.
لە وتارەكەیدا د. بەرهەم ساڵح وتی، دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەركات و ساتێك زیاتر پێویستی بە وردبینی لە بڕیار و هۆشمەندی بە هەنگاونان هەیە، پێویستی بە یەكهەڵوێستی و یەك ئیرادەیی و هەماهەنگی هێزە سیاسیی و نیشتمانییەكان و تەواوی رۆڵەكانی گەلەكەمان هەیە.
سەرۆككۆماری عێراق باسی لە كێشەكانی عێراق كرد و وتی: كێشەكانی ئەمڕۆ كە بەرۆكی یەك بە یەكی هێزەكان و تاك بە تاكی خەڵكی گرتووە پێویستیان بە هەنگاوی كردەیی و هاتنە مەیدانی دەم و دەست هەیە بۆ چارەسەركردنیان و دابینكردنی ماف و چاوەڕوانییەكانی خەڵك.
د. بەرهەم ساڵح باسی لەوەشكرد، بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە دووپاتیدەكەینەوە كە ئەم دۆخە دژوارە و ئەگەری باهۆزی گۆڕانكارییەكان پێویست دەكات چاوەڕوانی گەلەكەمان بە ئەمڕۆ و سبەی نەسپێرین، ناكرێ هەر لە روانگەی بەرژەوەندیی ئاراستەكراوی ئەمڕۆوە لەگەڵ پێویستییەكانی گۆڕانكاریی سەرانسەری كۆمەڵگە مامەڵە بكەین و پێویستمان بە هاوكاریی و هەماهەنگی نێوانمان هەیە.