پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە لەبارەی هێرشەكانی ئەمڕۆی ئێران لە سنووری میحوەری پێنجی هێزەكانی پێشمەرگە رایگەیاند، داوا دەكەن زۆر بە خێرایی ئەم كارە دزێوانە لەسەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە رابگیرێن.
رۆژی چوارشەممە 28-09-2022 شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشی ئەمڕۆی ئێران لە سنووری میحوەری پێنجی هێزەكانی پێشمەرگە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هێرشەكە بە دوو گەڕ بووە، گەڕی یەكەم كاتژمێر 10:30 خولەك بوو، گەڕی دووەم كاتژمێر 13:20 خولەك بوو.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە، هێرشەكە لە كاتێكدا بووە كە هێزەكانی پێشمەرگە سەنگەریان لە تیرۆریستان گرتووە و رووبەڕووی ئەو تیرۆریستانە بوونەتەوە، كە بوونەتە بەشێك لە مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و هەرێمی كوردستان بەگشتی.
ئەوە لە كاتێكدایە كە لە بەیانی ئەمڕۆوە، سوپای پاسدارانی ئێران چەند جارێك لە رێگەی مووشەك و درۆنەوە هێرشیانكردە سەر بنكە و بارەگاكانی لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆیە، زڕگوێز و شێراوە. هەروەها ماوەی چەند رۆژێكیشە بنكە و بارەگاكانی ئەو حیزبانە لە ناوچە سنوورییەكان بۆردوومان دەكەن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تاوەكو ئێستا لەو هێرشە مووشەكی و درۆنانەی ئێران نۆ كەس شەهیدبوون و 32 ی دیكە بریندار بوون.