بارەگای بارزانی ئیدانەی هێرشەكانی سوپای پاسداران دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەبارەی تۆپبارانەكانی ئێران بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بارەگای بارزانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا رایدەگەیەنێت، مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناكات، پێویستە چیتر پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت.

لە دەقی راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانیدا هاتووە: ئەوە بۆ جاری چەندەمە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پەلاماری مووشەكی و بۆردومانی هێزەكانی ئێران، ئیدانەی ئەو پەلامار و بۆردومانانە دەكەین، چونكە بووەتە هۆی كوشتن و برینداربوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و ژن و منداڵی بێتاوان و ئەوە لە ڕاستیدا تاوانكارییە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، لە هەمانكاتیشدا ئەو پەلامار و بۆردومانانە پێشێلكردنی بنەماكانی دراوسێتی و دۆستایەتی و سەروەرییە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و لە دژی بەرژەوەندی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە.

بارەگای بارزانی راشیگەیاند، مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناكات، پێویستە چیتر پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت، كە جگە لە تاوانكاری و ناسەقامگیری هیچی لێ بەرهەم ناهێت.

داواش دەكات، دەستبەجێ ئەو پەلامار و بۆردومانانە ڕابگیرێن و هەرێمی كوردستانیش چیتر نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا