پۆڵەتیک پرێس:
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی هێرشەکانی ئێران دەکات بۆسەر چەند ناوچەیەکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، “بەنیگەرانیەکی زۆرەوە، ئیدانەی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین بۆ سەر چەند ناوچەیەکی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە کوژراو و بریندار هەیە و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری بڵاوکردۆتەوە و ژمارەیەک خێزانیش ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە”.
ڕاشیگەیاند، “ئەم پەلامارانە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانین بۆ سەر ئارامی و ئاسایش و سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها جەختدەکەینەوە، کە نابێ خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی نائارامی لەسەر وڵاتانی دراوسێی”.
هاوکات داوای لە حکومەتی فیدراڵی عێراق کرد ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کۆتایی هێنان بەم پەلامارانە کە وڵاتانی دراوسێ دەیکەنە سەر خاکی عێراق.
لە کۆتایشدا ئەوەی خستەڕوو، “پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هیوای شیفاش بۆ برینداران دەخوازین، هیوادارین ئەو خێزانانەشی ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە بگەرێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان”.