بەم زووانە دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی دەستبەكار دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەم نزیكانە دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، رادەگەیەنرێت و یەكەمین چالاكیشی مەراسیمی یادكردنەوەی پێنجەمین ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال دا دەستپێدەكات، كە بڕیارە لە هەولێر بەڕێوەبچێت.

تەواوی كارەكانی دامەزراوەكە و رێوشوێنە یاساییەكانی تەواوبوون و مۆڵەتی فەرمی لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بۆ وەرگیراوە و باڵیوز د.موحەمەد سابیر بەرێوەبەری دامەزراوەكەیە.

باڵیۆز د.موحەمەد سابیر بەڕێوەبەری دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی بە میدیای فەرمی یەكێتی راگەیاند: تەواوی كارەكانی دامەزراوەكە لەرووی یاساییەوە تەواو بووە و بڕیارە 28-9-2022 لە پرێس كۆنفرانسێكی تایبەت دا دامەزراندنی ( دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ) رابگەیەنین.

” رێورەسمی یادكردنەوەی پێنجەمین ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆك جەلال تاڵەبانی یەكەمین چالاكی دامەزراوەكە دەبێت و ئەم یادە رۆژی 3-10 لە شاری هەولێر دەبێت “.

لەو یادەدا بۆ شكۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆك مام جەلال، ژمارەیەك سەرۆك و سەركردەی و باڵیۆز و دیپلۆماتكاری بیانی و عیراقی و ناوخۆیی و كەسایەتیەكان و وەزیر و هاوڕێیانی دێرینی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و زۆری تریش بانگهێشت كراون.
باڵیۆز د.موحەمەد سابیر دەڵێت:” نزیكەی 4-5 مانگە كار لەسەر دامەزراندنی دامەزراوەكە كراوە و ئێستا كارەكان تەواوبوون و پەیرەوی ناوخۆیی ئامادەكراوە”.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆیی دامەزراوەكە، دامەزراوەكە ” ناحكومی سەربەخۆی قازانج نەویست و بێلایەنە، دامەزراوەیەكی كلتوری و مرڤایەتی و نیشتمانییە”.

هەروەها ” كار دەكات بۆ ناساندن و پاراستن و ئەرشیفكردنی ژیان و خەباتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی”.

پەیڕەوی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە (20) ماددە پێكهاتووە و وێنەیەكی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كراوەتە لۆگۆی رێكخراوەكە و بەهەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) لەژێریدا نوسراوە( دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، هەروەها كورتكراوەكەشی (PJTF)ە.

بنكەی سەرەكی دامەزراوەكە سلێمانییە و دەتوانێت لەسەرجەم شارەكانی دیكەی عیراق و دەرەوەی وڵات بنكە بكاتەوە و بوارەكانی كاركردنیش (رۆشنبیری، گەشەپێدان، پەرەپێدان) دەبێت.

ئامانجەكانی دامەزراوەكە بریتییە لە پاراستن و كۆكردنەوەی ئەرشیفی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، وەك ئەرشیفێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، پەرەپێدانی بواری روناكبیریی و توێژینەوەی ئەكادیمی لەسەر فیكر و ژیان و سیاسیەتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، هەروەها گەشەپێدانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان و یەكسانی جێندەری لە كۆمەڵەی كوردستانی و عیراقی دا، لەگەڵ گەشەپێدانی بەها مرۆییەكان لە بواریی جێدەریی و كلتوری پێكەوەژیان.

دامەزراوەكە ئامانجیەتی گەشە بە چۆنایەتی نوسینی توێژینەوەی ئەكادیمیی بدات لەسەر رێباز و ئەندێشەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و بڵاوكراوەكانی و كاریش دەكات بۆ دابینكردنی خوێندنی ساڵانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

دیاریكردنی رۆژی ژیانئاوایی سەرۆك جەلال تاڵەبانی (3/10) وەك بۆنەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی تاك لەكۆمەڵی كوردستان و عیراق، لە ئامانجی دیكەی دامەزراوەكەن.

پەیكەری ناوخۆیی رێكخراوەیی دامەزراوەكە پێكدێت لە دەستەی دامەزرێنەر كە 7 كەسە و دەستەی راوێژكاری كە بەپێی پێویستی دەستەی دامەزرێنەر دیارییان دەكات، دەستەی كارگێڕیش لە سەرۆك و جێگری سەرۆك و بەرێوەبەرەكانی كارگێڕی، دارایی، پرۆژەكان، پەیوەندی و یاسایی لەخۆدەگرێت.

سەرچاوەی دارایی دامەزراوەكە، لە سێ رێگەوە دەبێت كە لە پەیرەوەكەدا ئاماژەی پێدراوە كە( ئەو كۆمەك و بەخشش و دیاریی و منحانەوەیە كە لەلایەن كەسان و كەرتی تایبەت و لایەنانی ناوخۆ و بیانیەوە پێشكەش دەكرێن).

سەچاوەی دووەمیان بریتیە لە (پشكی دامەزراوە لە پارەی بودجەی تەرخانكراوی هەرێم و هەر بەخشش و یارمەتیەكی دیكە بێت كە لەلایەن حكومەتەوە بۆ پشتگیریی پرۆژەكانی رێكخراوەكان پێشكەش دەكرێن)، سەرچاوەیەكی دیكەش ( هەردەستكەوتێكی دیكەیە كە دامەزراوەكە لە رێگەی وەبەرهێنەكانی خۆی و قازانجی چالاكییەكانیەوە بەدەستی دەهێنێت).

هەروەها دامەزراوەكە بنەمای یەكگرتن لەگەڵ رێكخراو و دەستەی تر ناكات و پێشنیازی لەوجۆرەش ناكرێت لە پێناوی پاراستنی تایبەتمەندی و ئامانجی دامەزراوەكە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا