كازمی دەست بەدەستگیركردنی گەندەڵەكان دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
لەچوارچێوەی هەوڵەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندڵی چەند بەرپرس‌و سەرمایەدارێكی عێراقی بەتۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیركراون، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی “ئەلعەرەب”.

هەر بەپێی رۆژنامەكە، لەدیارترین ئەو كەسانەی دەستگیركراون، ئەحمەد ساعدی سەرۆكی سندوقی خانەنشینی عێراقی و شاكر زاملی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی لەبەغداو بەها عەبدول حوسەینی سەرۆكی كۆمپانیای (كی كارد)ی ئەلەكترۆنی لەفڕۆكەخانەی بەغدا دەستگیركراون.

تائێستا هیچ وردەكارییەك لەبارەی دەستگیركردنی ئەو بەرپرسە عێراقییانە نەخراوەتە روو، بەتایبەتی لەبارەی هۆكاری دەستگیركردن‌و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان كراوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە، ئێستا لیستێك لە ناوی ئەو بەرپرسانەی تۆمەتبارن بەگەندەڵی دراوەتە فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییەكان‌و هێزە ئەمنییەكان، بۆ ئەوەی رێگری لەچوونەوەیان بكرێت، تا ئەوكاتەی دەستگیردەكرێن.

ئەم هەڵمەتی دەستگیركردنە لەچوارچێوەی كارەكانی ئەو لیژنە باڵایە، ماوەی رابردوو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێكیهێنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی‌و فەرماندەیی دژەتیرۆری عێراقی راسپارد بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی تۆمەتبارن بەگەندەڵی.

دەسەڵاتی دادوەری لەعێراق ماوەیەكی زۆرە چەند كەسێكی گەندەڵییان جوڵاندووەو چاوەڕوانی دەسەڵاتی جێبەجێكردنن بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی لەكەیسە گەندەڵییەكان گلاون.

ئەم هەوڵمەتانەی چەند رۆژێكە دەستپێكراوە، كاردانەوەی زۆری لەناوخۆی عێراق دروست كردووەو بەشێكی زۆر لەخەڵكی پشتگیری هەڵمەتەكە دەكەن‌و باس لەوەش دەكەن، كە هەڵمەتەكە هیچ كەس و حیزبێكی دیاریكراوی بەئامانج نەگرتووەو دەبێت بەردەوام بێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا