لووتكەیەك بۆ دۆزی كورد

بە بیانووی هەمەجۆری ئەو رووداوانەی لە جیهاندا روودەدەن، ساڵانە چەندان لووتكەی جیاجیای زلهێز و وڵاتانی خاوەن نەوت و كێشەی هەرێمەكان و سنوورەكان و نەتەوەكان دەبەسترێت.

لووتكەی ژنێڤ بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران، ئەستانە بۆ پرسی سوریا، تاران بۆ سەروەری سنوورەكان، ریاز بۆ پرسی ئیسرائیل _ فەلەستین، سەمەرقەندی ئۆزباكستان بۆ پرسی تیرۆر و ئاسایشی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوەكەدا، ئەنقەرە بۆ كەشوهەوا و وزە و چەندان لووتكەی دیكەی جیهانی.

لە هەمووشیاندا بابەتە هەنووكەییەكانی جیهان تاوتوێ دەكرێن و دەخرێنە بەردەم باس و چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە، بەڵام ئەوەی نەبۆتە پرسێكی گرنگ، پرسی كوردە.

تاكو ئێستا نەك لووتكەیەك نییە بۆ پرسی كورد و چارەسەری كێشەكانی كورد لە ناوچەكەدا، تەنانەت كورد خۆشی پرسیارێكی جەوهەری لەسەر نائامادەیی كورد لە لووتكە جیهانییەكاندا ناخوڵقێنێت، بۆچی لە هیچ كامیاندا باسی كورد و دۆزە رەواكەی ناكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ونە، هاوكات وەڵامی پێویستیشمان نییە بۆ تاكی كورد كە «بێدەنگبوون» باشتر و گونجاوتر بێت لە پرسیاركردن.

لە ساڵانی رابردوودا كورد خەونی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی هەبوو، بەڵام بەبۆنەی ناكۆكی ناوخۆیی و دژایەتی هەندێك لایەنی كوردیی بۆ یەكتر، نەك نەتوانرا ئەو كۆنگرەیە ببەسترێت و ناوی بنێت لووتكەی كوردی بۆ چارەسەر و تێپەڕاندنی كێشەكانی ناوخۆی كورد، بەڵكو ئێستا كورد دەبێت بۆ خۆی سەیری ئەو هەموو لووتكە جیاوازانە بكات كە لە ناوچەكە و جیهاندا بۆ وڵاتان و نەتەوەكان و سنووری زلهێزەكان دەبەسترێت و هیچ سوودێكی نییە بۆ كورد.

ئەمە جگە لەوەی پرسی كورد بۆ ماوەیەكی دوورتر و زیاتر دوا دەخات، دەرفەتیش دەدات بە وڵاتانی دیكە و زلهێزەكان و ئەو دەوڵەتانەی چاویان بڕیوەتە سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی كورد و دەیانەوێت زووتر بگەنە خەونەكانیان، هاوكات زۆرتر و زیاتریش كەلێنی نێوان هێز و لایەنە كوردییەكان قووڵ دەكەنەوە و دەستیان دەگاتە شادەماری رۆحی كورد.

ئەوەی لە نەبوونی لووتكەیەكی كوردی بۆ كورد زیاتر كارەساتە و مایەی نیگەرانییە ئەوەیە كە، كورد بەشێك نییە لە لووتكەی وڵاتانی جیهان و بەشداری پێناكرێت، بەمەش لەلایەك كورد ئاگای لە هیچ پیلان و سیناریۆیەك نابێت دژی خاك و نەتەوەكەی دابڕێژرێت، لەلایەكی دیكەشەوە بەشێك نابێت لەو سنوور و وڵات و نەتەوانەی كە وڵاتانی زلهێزی ناو لووتكەكانی جیهان هەوڵی چارەسەری كێشەكانیان دەدەن.

ناكۆكییەك هەیە لەنێوان خەونی كورد بۆ چارەسەربوونی كێشەكانی لەلایەك و ئامادەنەبوونی بۆ بەستنی لووتكەیەكی كوردی لەلایەكی دیكەوە. كورد دووجار ئامادەی لووتكەیەك نییە بۆ چارەسەركردنی دۆزە رەواكەی، هەم ئامادەی لووتكەی وڵاتانی جیهان نییە و هەم لەناوخۆشدا ئامادە نییە لووتكەیەك ببەستێت و ناكۆكی ناوخۆیی هێزە كوردییەكان تێپەڕێنێت.

ئازاد ئیبراهیم

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا