پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆكرا و سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لە پابەندیی هەرێمی كوردستان بە هاوبەشیەتی لەگەڵ ئەمریكا كردەوە.
رۆژی چوارشەممە 21-09-2022، لە رێوڕەسمێكدا بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سێلێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق یاداشتێكی لێكگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكادا واژۆ كرا.
لە رێوڕەسمەكەدا نێچیرڤان بارزانی، وتەیەكی پێشكەشكرد و باسی لە قارەمانێتییەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر كرد و تیشكی خستە سەر پشتگیریی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ تێكشكاندنی داعش.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیی لە هاوكاریی و هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر كردەوە. هەروەها سوپاسی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقی كرد.
هاوكات راگەیەندراوێكی هاوبەش لەسەر نوێكردنەوەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا و وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوكرایەوە كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2016 واژۆ كراوە. لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، لێكتێگەیشتنەكە رەنگدانەوەی هاوئاهەنگی دوورمەودای نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێراق و هەروەها پابەندیی هاوبەشیشیانە بۆ تێكشكاندنی یەكجارەكی داعش.