پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
كۆمپانیای نیشتمانی بۆ فرۆشتنی نهوتی عێراق (سۆمۆ) داوا لە كۆمپانیا جیهانییەكان دەكات چیتر نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان نەكڕن، بەهۆی ئەوەی هەرێم ناچار دەكەن بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی جێبەجێبكات.
عەلا یاسری، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بە ئاژانسی فەرمی عێراقی رایگەیاندووە، بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، بە كۆمپانیا نەوتییەكانی جیهانیان راگەیاندووە كە چیتر ناتوانن نەوتی خاوی هەرێم بكڕن و سەرجەم ئەو رێككەوتنانەش كە لەگەڵ هەرێم كراون بۆ كڕینی نەوت كاریان پێناكرێت بەهۆی ئەوەی هەرێم ناچارە بریاری دادگای فیدراڵی جێبەجێبكات.
راشیگەیاندووە، لە ئێستادا ئامادەكاریكراوە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ گواستنەوەی دۆسییەی كڕین و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراق، بەڵام تائێستا حكومەت رەزامەندی بۆ ئەو كارە پیشاننەداوە، بۆیە وەزارەتی نەوت ناچارە رێكاری یاسایی بگرێتەبەر.
بەوتەی بەڕێوەبەری سۆمۆ، ساڵی رابردوو هەرێم رۆژانە 420 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێژەیە كەمیكردووە بۆ 355 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
رۆژی 15 شوباتی ئەمساڵ، دادگای باڵای فیدراڵی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی بە نادەستووری لە قەڵەمدا، لەبەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی رەتكردەوە.