پۆڵەتیك پرێس:
فائیز سەڕاج سەرۆكی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا بەبڕیارە نوێیەكەی بۆ جێهێشتنی پۆستەكەی لە كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەر، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای توڕەكردووە.
سەڕاج ئەو ئەركانەی تەواونەكردووە كە توركیا پێیسپاردووە و رێككەوتنیان لەسەر كردووە بۆ راگرتنی هێرشەكانی سوپای نیشتمانی لیبیا بە فەرماندەیی خەلیفە حەفتەر بۆ سەر تەرابلوسی پایتەخت.
زۆرینەی شارەزایانی كاروباری لیبی توڕەبوونی سەرۆكی توركیا دەگەڕێننەوە بۆ دوو خاڵ سیاسی و ئابووری، بوونی هۆكاری سەربازی دووردەخەنەوە، چونكە زۆرینەی كەتیبە شەڕكەرەكان لایەنگری فەتحی باشاغا وەزیری ناوخۆی لیبیان.
ئەردۆغان وتی: گوێمان لە بڕیارەكەی سەڕاج بووە جێگەی بێزاری بووە بۆ ئێمە، وەفدی توركیاش هەفتەی داهاتوو گفتووگۆی دەبێت لەگەڵ حكومەتەكەی سەڕاج.
وتیشی: هەوڵ دەدەین لەم كۆبونەوەدا بابەتەكە بەرەو خواستی پێویست بڕوات.
بەرپرسێكی توركی بۆ رۆیتەرز وتی: بڕیارەكەی سەڕاج دووەم رووداوی كتوپڕ بوو لەم ماوەی دواییدا بۆ ئەنقەرە پەیوەست بە لیبیا.
دەشڵێت: پێمانباشە سەڕاج لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە لەبەر ئەوەی لیبیا بە یەكگرتوویی لە ژێر دەسەڵاتیدا دەمێنێتەوە و توانای چارەسەری كێشەكانی هەیە.