سەوزایی سلێمانی دەكرێـتە قوربانی پرۆژە بازرگانییە كەسییەكان

پۆڵەتیك پرێس:

چەند رۆژێكە دەنگۆی سوتاندنی دارسنەوبەرەكانی سەر رێگای سەرەكی تاسڵوجە سلێمانی، بووەتە پرسێكی گرنگ لەناو تۆڕەكۆمەڵایەتی و راگەیاندنەكاندا، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لەبارەی ئەو پرسە هاتونەتەسەرخەت و ڕەتی دەكەنەوە ئەو دارانە بە ئەنقەست سوتێندرابن، جەختدەكەنەوە شوێنی دار سنەوبەرەكان ناكرێتە بەهیچ پرۆژەیەك.

هێمن كەمەرخان ئەفەندی بەڕێوەبەری هۆبەی ڕاگەیاندن، لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، سەرو خۆمان ئاگاداركردووەتەوە، بەردەوام لەسەر خەتین سكاڵامان تۆماركردووە، بەدواداچوونمان كردووە، ئێستا كەیسەكە براوەتە لای دادوەری گشتی بۆ ئەوەی لێكۆلینەوەی بۆ بكرێت.

وتیشی: هیچ كەسێك تائێستا دەستگیر نەكراوە، نەمانتوانیوە كەس دەستگیر بكەین بەدواداچون كراوە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان و سكاڵامان هەیە، تائێستا زیانەكانیش نەخەمڵێندراوە، بەڵام لە داهاتوو لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان زیانەكان دیاریدەكەین بۆ ئەوەی شوێنەكانیان سەوز بكەنەوە.

لەچەند رۆژی رابردوو ڤیدیۆی سوتانی دارسنەوبەرەكانی نزیك شەقامی سەرەكی سلێمانی تاسڵوجە بڵاوكرایەوە، لەسەر راسپاردەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو بابەتە كراو لە ئەنجامدا وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەكرد، پێشتر چەندین جار هەوڵ دراوە ئەو ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەت ڕازی نەبووە، چونكە ئەو دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەییان بەخشیوەتە ئەو ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە بكرێت.

وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی ئەو بابەتە لەچەند رۆژی رابردوو روویداوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان، بۆ دیاریاریكردنی هۆكارەكان و گرتنە بەری رێككاری پێویست، هاوكات وەزارەت پڕۆژەی بۆ پاراستنی دارستانەكان ئامادەكردووە، لە ئێستادا لە قۆناغی پەسندكردنە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەردەمیانە دارستانەكان لە سوتان و لەناو چوون بپارێزرێن.

ئەمڕۆش سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیش لەسەر سوتانی دارسنەوبەرەكانی نزیك شەقامی سەرەكی سلێمانی تاسڵوجە هاتە دەنگ و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاكۆ عەلی جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، شوێنی دار سنەوبەرەكان ناكرێت بەهیچ پرۆژەیەك و ئەو دەنگۆیانەی باس لەو پرسەكە دەكەن دوورن لە ڕاستیەوە و بابەتەكە بەلاڕێدا براوەو بڵاوكراوەتەوە لەم ڕۆژانەدا ئەو دار سنەوبەرانە سوتاوە یاخود سوتێنراوە.

وتیشی: لە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2020 ئاگر لە سنەوبەرەكانی رێگای تاسڵوجە كەوتووەتەوە، ئەوەی ئێستا بڵاوبووەتەوە دەردەكەوێت كە تازە ئەو ناوچەیە سوتێندراوە، ئەو دار سنەوبەرانەش دەكەوێتە ناوەندی شەقامەكەوە لەبەر ئەوەی ئەو شەقامە گەورەتر دەكرێت و دەكەوێتە ناوەندی شەقامەكەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا