ئەمریكا هێزێكی نوێی رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرد

پۆڵەتیك پرێس:

وتەبێژی فەرماندەیی نێوەندی ئەمریكا بیل ئۆربان رەوانەكردنی كاروانێكی نوێی هێزی ئەمریكی بۆ رۆژئاوای كوردستان راگەیاند.

ئۆربان لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، راداری سنتینال و زرێپۆشی برادلی بۆ بەهێزكردنی هێزەكانیان بڵاوكراونەتەوە و هاوكات جوڵەی فڕۆكە جەنگییەكان لەسەر ئەو ناوچانەی هێزەكانی لێیە لەگەڵ هاوپەیمانە كوردەكان زیاتربووە.

بەرپرسێكی ئەمریكی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی: ژمارەیەك زرێپۆش و 100 سەرباز رەوانە كراون.

ئۆربان وتی: ناردنی ئەو هێزە نوێیە بۆ پاراستنی زیاتری ئاشتی و سەلامەتی هێزی هاوپەیمانانە، ئەمریكا هەوڵنادات پێكدادان لەگەڵ هیچ دەوڵەتێكدا لە سوریا دروستبێت، بەڵام بەرگری لە هێزەكانی هاوپەیمانان دەكات لە كاتی پێویستدا.

بەرپرسێكی ئەمریكی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە وتی: ئەم هەنگاوە ئاماژەیەكی رونە بۆ روسیا بۆ پابەندبوون بە پرۆسە هاوبەشەكان بۆ رێگری لە مەترسی پێكدادان، هاوكات روسیا و تیمەكانی دیكە خۆیان لادەن لە بێزاركردنی نا پیشەیی لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی زرێپۆشە برادلییەكانی دا لە سوریا لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو وەك هەوڵێك بۆ كشاندنەوەی سەرجەم هێزە ئەمریكییەكان لە 2019، بەڵام رازی بوو بە مانەوەی سەدان سەرباز بۆ پارێزگاری لە بیرە نەوتەكان.

هەندێك روداو لە هەفتەكانی رابردوودا لە رۆژئاوای كوردستان لەنێوان هێزە ئەمریكی و روسییەكاندا رویانداوە، كە ئەو هێزە روسیانە بە پێی رێككەوتن لەگەڵ توركیا لەسەر سنورەكان بڵاوەیان پێكراوە و ژمارەیەك سەربازی ئەمریكیش بریندار بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا