پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، دوای هەوڵدانێكی زۆر توانیویەتی زانكۆی راپەڕین بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ریزبەندی زانكۆكانی عێراق جێگیربكات و بە فەرمی دانی پێدابنرێت، ئەمەش بۆ ئاستی زانستی زانكۆكە و خوێندكارانی گرنگیەكی زۆری دەبێت.
بەدریە حسێن ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: دوای ئەوەی لە لیژنەی خوێندنی باڵا دەست بە كاربووم، یەكێك لە ئیشە سەرەكییەكانم ئاوڕدانەوەبوو لە زانكۆ حكومییەكان و چارەسەركردنی گرفتەكانیان چونكە ئەو زانكۆیانە خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت تێیدا دەخوێنن.
ئەو پەرلەمانتارە وتی: یەكێك لەو زانكۆیانەش كاری بۆ دەكەم زانكۆی راپەڕینە، چونكە ساڵی رابردوو كاتێك كاندیدبووم لەبەردەمی ئەو زانكۆیە بەڵێنم دا ئەگەر سەركەوتم كاربكەم بۆئەوەی ئەو زانكۆیە بخرێتە ریزبەندی زانكۆكانی عێراق.
وتیشی: دوای بەدواداچوونەكانم و سەردانم بۆ زانكۆی راپەڕین بۆم دەركەوت زانكۆی راپەڕین لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دانی پێدانراوە بەشێوەیەكی كاتی و بۆ ماوەی دوو ساڵ، بەڵام هیچ سودیان لەو بڕیارە نەبینی بوو، بەو پێیەی وەكو ستانداردی زانكۆكانی عێراق نەبوو.
روونیشیكردەوە، ئەو كێشانەی بووبوونە بەربەست لەبەردەم زانكۆی راپەڕین یەكێكیان بریتی بوو لە كەمی مامۆستای زانكۆكە، هاوكات بەهۆی بومەلەرزەوە لە ساڵانی رابردوو دیواری باڵەخانەی زانكۆكە درزی بردووە و هەروەها تاقیگەی پێویستیان نیە، بەهۆی ئەم كێشانەوە زانكۆكە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە كاری بۆ نەدەكرا بۆ ماوەی چوار ساڵ.
باسی لەوەشكرد، بۆیە خستنە ریزبەندی زانكۆكانی عێراق هەوڵی زۆری ویست چونكە حكومەتی عێراق دەیویست ئەو مەرجانەی هەیەتی هەمووی جێبەجێبكرێت، ئێمەش دەمانویست بە بێ ئەو مەرجانە حكومەتی عێراق دان بە زانكۆكەدا بنێت بۆئەوەی خوێندكاران و مامۆستایان سودمەندببن لێی، بۆیە بۆ ماوەی دوو ساڵ زانكۆی راپەڕین خراوەتە ریزبەندی زانكۆكانی عێراق و دەبێت لەماوەی ئەم دووساڵەدا زانكۆكە ئەو مەرج و داواكارییانەی فیدراڵ جێبەجێبكات لە ئێستادا لە هەوڵداین بۆئەوەی حكومەتی عێراق مەرجەكان لابدات.