قوباد تاڵەبانی: بنەبڕكردنی توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە چارەسەری ریشەیی هەیە

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە چوارچێوەی هەڵمەتەكەیدا بۆ بنبڕكردنی توندوتیژی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران رۆژی دووشەمە 12 ی ئەیلولی 2022، سەردانی هەردوو وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی كرد.

لە یەكەم سەردانیدا لەگەڵ وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرانی شێڵتەرەكان و بەشی جێندەری وەزارەت كۆبووەوە و تاوتوێی چۆنییەتی بنبڕكردنی توندوتیژی و رێكخستنەوەی كاروباری شێڵتەرەكانیان كرد.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا نەهێشتنی توندوتیژی پێویستی بە چارەسەری ریشەیی و هەماهەنگی و هاوكاری حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنی هەیە.

راشیگەیاند: یاساكان و رێنماییەكان دەبێت بە جۆرێك رێكبخرێنەوە كە ئاسانكاری بكەن بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی و راپەڕاندنی كاروباری شێڵتەرەكان، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیار كرا سوود لە رێكخراوەكان ببینرێت بۆ داڕشتنی میكانیزمێكی گونجاوی كاركردن.

لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسانی شێڵتەرەكان تێبینی و گرفتەكانی خۆیان خستەڕوو و بڕیاردرا بەپێی پێویست چارەسەری كێشەكانیان بكرێت. جێگری سەرۆك وەزیرانیش جەختی كردەوە هاوكاری شێڵتەرەكان دەبێت و ڕێگری دەكات لە هەر دەستتێوەردانێك كە كێشە و گرفت بۆ شێڵتەرەكان دروست بكات.

دواتر سەردانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی كرد و لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی وەزارەت گفتۆگۆیان كرد لەبارەی چۆنییەتی مامەڵە كردن لەگەڵ كەیسەكانی توندوتیژی و بەتایبەتیش لە كەناڵەكانی راگەیاندن، هەروەها چۆنییەتی بڵاوكردنەوەی هوشیاری كۆمەڵایەتی لەڕێی میدیا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەوە تاوتوێ كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا راپۆرتێك لەبارەی پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان خرایەڕوو كە كۆمەڵێك گرفت و راسپاردەی لەخۆ گرتبوو.

پاش گفتوگۆیەكی ورد، جەخت لەسەر چەند خاڵێك كرایەوە لەوانە؛ هەمواركردنەوەی یاساكان و توندكردنی سزاكان و قەدەغە كردنی چەك و ئەنجامدانی هەڵمەتی هوشیاری و پێویستیی هەماهەنگی كەناڵەكانی راگەیاندن لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی.

هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، پێشتر قوباد تاڵەبانی سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كردبوو و لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئایینی كۆبووەوە و داوای لێكردن لەڕێی مینبەرەكانیانەوە بەشدار بن لە بەرەنگاربوونی توندوتیژی دژی ژنان. هەروەها سەردانی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژی ئافرەتان و خێزانی كردوە و بڕیاریشە بۆ هەمان مەبەست سەردانی چەند وەزارەتێك و لایەنە پەیوەندیدار بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا