کتێبی (مەستوورەی ئەردەڵان) بڵاو کرایەوە

پۆڵەتیک پرێس

کتێبێک لەسەر ژیان و بەرھەم و کەسایەتی یەکەمین ژنە مێژوونووسی کورد (مەستوورەی ئەردەڵان) بڵاو کرایەوە.

کتێبی (مەستوورەی ئەردەڵان) لە نووسینی (بوخاری وشیار)ە و (وشیار عەلی) پێداچوونەوەی زمانەوانی و ڕێنووس و خاڵبەندی بۆ کردووە و (ئیبراهیم ساڵح) نەخشەسازی بەرگ و (سەنار سەمەد) نەخشەسازی ناوەوەی بۆ کردووە، لە کۆڕێکی ناوەندی مەم و زین لە هەولێر بە تیراژی (٥٠٠) دانە بڵاوی کردەوە.

لە کتێبەکەدا باس لە ژیان و بەرھەمەکانی ئەم خاتوونە ئەدیبە کوردەی سەدەی نۆزدەھەم کراوە و خاسیەتەکانی نووسینی مێژوو و شیعر و کتێبەکانی خراوەتە ڕوو. ھەر لەم کتێبەدا باس لە قەسیدەی (مەستوورە)ی نالی شاعیر و پەیوەندی ئەم دوو شاعیرە کراوە و چەند باسێکی باسنەکراوی پەیوەست بە مەستوورەی ئەردەڵانیەوە خراوەتە ڕوو. ھاوکات خوێنەر لەم کتێبەدا ئاشنای شیعرە فارسی و ھەورامی و سۆرانیەکانی مەستوورە دەبێت و بە توانا و بلیمەتی مەستوورە لە ئەدەبیاتدا ئاشنا دەبێت. مەستوورە یەکێکە لەم خاتوونە کوردە ئەدیبانەی لەسەردەمەکەی خۆیدا پێشەنگ و داھێنانکار بووە و ئەم پەرتووکە ھەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ناوی مەستوورەی ئەردەڵانی و لەپێناو ون نەبوونی توانای ژنانی کوردە لە ئەدەبیاتدا.

لە کتێبەکەدا سەرەتا نووسەر ژیانی مەستوورە لە مناڵیەوە تا مردنی دەگێڕێتەوە و هاوکات لە ڕووداوەکان و ساڵەکانیش بەراوردکاری و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر کراوە و دەرەنجامی نوێ بۆ ڕووداو و ساڵەکانی پەیوەند بە مەستوورە بەدەست گەیشتوون. دواتر نووسەر بەرەو قسیدەەی (مەستوورە)ی (نالی)مان دەبات و لەوە دەکۆڵێتەوە کە ئایە ئەم قەسیدەیە هی نالیە؟ وە ئایە مەستوورە لەم قەسیدەیەدا مەستوورەی ئەردەڵانیە؟ وە ئایە هیچ پەیوەندیەکی سۆزداری لەنێوان نالی و مەستوورەدا هەبووە؟ و وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندانی تر بە خوێنەر دەداتەوە، بە پشت بەستن بە پەراوێز و لێکدانەوە و سەرچاوەگەلێکی تۆکمە.

دوابەدوای ئەمانە نووسەر لەمەڕ کتێبە مێژووییەکەی مەستوورە (کتێبی مێژووی ئەردەڵان) چۆنییەتی مێژوو نووسی مەستوورەمان نیشان دەدات و جیاوازیەکانی مەستوورەی یەکەمین مێژوو نووسی ژن لە کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەراورد بە مێژوونووسە پیاوەکان، کە بەر لە ئەو مێژووی ئەردەڵانیان نووسیوەتەوە وەک (شەرەفخان و مەئمون بەگ و مەلا محەمەدی شەریف و خسرەو بەگی ئەردەڵانی و ..).

دواتر نووسەر دێتە سەر شیعر نووسی مەستوورە و وەک دامەزرێنەری شیوەنە شیعری کوردی ئەژماری دەکات و باس لە ڕوخسار و ناوەڕۆک و خاسیەتەکانی شیعری مەستوورە دەکات و هاوکات شیعرە فارسی و سۆرانی و هەورامیەکانی مەستوورەمان بۆ دەخاتە ڕوو لەگەڵ کۆمەڵێک دەستخەت و دەستنووسی شیعرەکانی مەستوورە کە لە کتێبخانەیەکی بەرلین دۆزراونەتەوە.

نووسەر لەم کتێبەدا توانای مەستوورەمان بۆ دەخاتەڕوو لە بابەتە ئایینیەکان و ئاماژە بەو کەس و کتێبانە دەدات کەوا مەستوورە لە نووسینی کتێبی (شرعیات) سوودی لێ بینیون. ڕۆڵی مەستوورە لە کۆمەڵگای ئەوکاتەی میرنشینی ئەردەڵانەوە بەرز دەنرخێنێت. دواتر نووسەر وتارێکی پیرەمێردی شاعیرمان نیشان دەدات کە لە ڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاو کراوەتەوە لەگەڵ ١٠ پارچە شیعری فارسی مەستوورە کە پیرەمێرد وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لە بەشی (شێواندنی مێژووی کورد) نووسەر بەڵگە نامەیەکی زەمەنی (محمەمەد شای پەهلەوی) دەخاتە ڕوو، کە وەزارەتی فەرهەنگ سێ نووسەری دیاری ئەو سەردەمە ڕادەسپێرێت بۆ نووسینی کتێب دەربارەی ئەوەی کوردەکان بەشێکی دانەبڕاوی فارسن، کە یەکێک لەم نووسەرانە (محمد مەردۆخە) کە میژووی کوردستانی نووسیوەتەوە و لەبابەت مێژووی ئەردەڵاندا بەئەنقەست مێژووەکەی بە هەڵە نووسیوە و مامۆستا هەژاریش ئاماژەی بەو هەڵانە کردووە، لە وەرگێڕانی کتێبە مێژووییەکەی مەستوورە و بەراوردکردنی بە مێژووەکەی مەردۆخ.

نووسەر (بوخاری وشیار) ماوەی دووساڵ سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و نووسینی ئەم کتێبە بووە و نزیک بە ٥٠ سەرچاوە لەم کتێبەدا بەکارهاتوون و لە بەشی پەراوێزی ئەم کتێبەدا، نووسەر لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و پڕی لە ڕووداو و ساڵەکانی پەیوەست بە مەستوورەوە کردووە و ئاماژەشی بە هەڵە مێژووییەکانی مێژوونووسان و سەرچاوەکانی پێش خۆی داوە و چەند دەرئەنجامێکی نوێی خستووەتە ڕوو کە دەکرێت ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بەم پرسە بگۆڕێت .

بوخاری وشیار دەڵێت: ئامانجم لە نووسینی ئەم کتێبە، ئاوڕدانەوەیەکی پێویستە لە ژنە هەڵکەوتووەکانی کورد، مەستوورە یەکێکە لەم ژنە کوردانەی کە لەسەردەمەکەی خۆیدا نوێگەر و داهێنانکار و ئەدیبێکی بەتوانا بووە و ئێستا کەس نایناسێت و خەریکە ناوی لەبەین بچێت و لە بیر بچێت. بە پێویستم زانی کە لێکۆڵینەوە لە ژیان و ئەو سەرچاوانە بکەم کە تاوەکوو ئێستا لەسەر مەستوورە نووسراون و ژیاننامەیەکی دروستتر و دەقیقتر بۆ مەستوورە بنووسمەوە، هیواشم وایە ئەم کتێبە لە زانکۆکانی بەشی زمان و مێژووی کوردی بخوێنرێت و نەوەی تازەمان بزانن کە ژنی کورد چەندە پێشەنگ و بەتوانابوون لە سەدەکانی ڕابردووماندا و تا چ ئاستێک جێ پەنجەیان دیارە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا