پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، مەسعود بارزانی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی و خەمیس حەنجەر كۆبونەوە و جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردوەتەوە ئەویش لە دوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستورییەكانی بەر لە پێكهێنانی حكومەتێك كە خاوەن دەسەڵاتی تەواو بێت و متمانەی هەمو لایەك لەسەر بەرنامەكانی بێت.
رۆژی یەكشەممە 11_9_2022، بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادە كرد.
لە دیدارەكەدا دەرهاویشتە نەرێنییەكانی بارودۆخی سیاسی لەسەر وڵات و پێویستیی پشتبەستن بە زمانی دیالۆگ و پەیڕەوكردنی شێوازە دەستوری و یاساییەكان تاوتوێ كرا، ئەویش لەپێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و گەییشتن بە چارەسەری وا كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بێت.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەردولا جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە ئەویش لەدوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستورییەكانی بەر لە پێكهێنانی حكومەتێك كە خاوەن دەسەڵاتی تەواو بێت و متمانەی هەمو لایەك لەسەر بەرنامەكانی بێت، جەختیش لە پێویستیی بەردەوامیی كاروباری ئەنجوومەنی نوێنەران هەتا بەڕێوەچونی هەڵبژاردن كرایەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردولاش ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بەشدارییەكی بنیاتنەرانە لە نزیككردنەوەی بۆچونی هەمو لایەنەكان و هەروەها هەڵنانی هەر هەنگاوێك كە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاساییشی هاوڵاتیان بكات.
نزیكەی ساڵێكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دراوە بەڵام لایەنەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و سەدرییەكان دوای كشانەوەی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە پەرلەمان داوایان لە دادگای فیدراڵی عێراق كرد پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە بەڵام دادگا رەتی كردەوە كارێكی لەو جۆرە لە دەستی ئەواندا بێت.