بافڵ جەلال تاڵەبانی: رێگە بەهیچ كەسێك نادەین دەست بۆ ماف و موڵكی گشتی ببات

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیكرد لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوون لە ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی كۆی پرس و پێشهاتەكانەوە هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی یەكێتی خستەڕوو و وتی، لەسەرەتاوە هەوڵەكانمان لەپێناو یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد و یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە كوردییەكان بووە. چونكە پێمانوایە یەكگوتاریی كورد لە بەغدا فاكتەری پاراستن و بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەكانی كورد و بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێمە. لەسەر ئاستی عێراقیش دەستوور بنەمای كاركردنمانە و باوەڕی نەگۆڕمان بە تەبایی و پێكەوەژیانە و دەمانەوێت هەمووان پێكەوە لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر كار بكەین.

‏‎سەبارەت بە پرسی نەوت و گاز لەنێوان هەرێم و بەغدا، سەرۆكی یەكێتی راشكاوانە روونكردنەوەی پێشكەشی شاندی ئەمریكا كرد و وتی، پابەندنەبوون بە دەستوور و یاسا بەركارەكان و ململانێ سیاسییەكان هۆكاربووە بۆ رێكنەكەوتن و پێنەدانی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان. هەرچەندە پێمانوابووە نابێت كێشەسیاسییەكان ببەسترێتەوە بەقوتی خەڵك و دەبێت سامانی ئەم وڵاتە لە خزمەت هەموواندا بێت. بەردەوام لە هەوڵیشدا بووین تاوەكو كێشەكان لە رێگای گفتوگۆوە چارەسەر بكەین و تیمی یەكێتیش لە حكومەت رۆڵی گرنگی لەوبارەیەوە گێڕاوە.

‏‎لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا رووبەڕوونەوەی گەندەڵی و سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی لە هەرێم گفتوگۆی لەبارەوەكرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەك دژی گەندەڵی و تەمبەڵی دەوەستمەوە. ئەركی ئێمەیە ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتییانمان دەستەبەر بكەین و بۆ ئەمەش رێگە بەهیچ كەسێك نادەین دەست بۆ ماف و موڵكی گشتی ببات.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک