قوباد تاڵەبانی: زیاتر لە هەركاتێكیتر پێویستە هەمو لایەنە كوردییەكان لێكنزیك ببنەوە

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ جێگری باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كۆبوەوە و رایگەیاند، جێگەی داخە كە زۆرجار كێشە سیاسییەكان بە شەخسی دەكرێن و بەرژەوەندییە باڵاكان لەبەرچاو ناگیرێن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ فیلیپ هۆڵساپفێڵ، جێگری باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كۆبوەوە و لە كۆبونەوەكەدا دۆخی سیاسی عێراق و چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا تاوتوێ كرا. لە كۆبونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابون بۆ دەربازبونی عێراق لەو قەیرانە سیاسییە مەترسیدارەی تێیكەوتوە پێویستە لایەنە عێراقییەكان نەرمی بنوێن و لەڕێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەوبارەیەوە رایگەیاند، بە داخەوە زۆرجار لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش كێشە سیاسییەكان دەكرێنە پرسێكی شەخسی و بەرژەوەندییە باڵاكان لەبەرچاو ناگیرێن، بەمەش ناكۆكییەكان قوڵتر دەبێتەوە و چارەسەریش قورستر دەبێت. جەخت دەكەینەوە كە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر وڵات بەرەو ناسەقامگیری نەڕوات پێویستە لایەنە عێراقییەكان ئاستی داواكاراییەكانیان كەمتر بكەنەوە.

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە كوردستانییەكانیش، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەكرد، لەم دۆخەدا كە عێراق بە دەست قەیرانێكی قوڵی سیاسییەوە دەناڵێنێت، زیاتر لە هەركاتێكیتر پێویستە هەمو لایەنە كوردییەكان لێكنزیك ببنەوە و هەوڵ بدەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان سیاسەت و وتارێكی یەكگرتویان هەبێت بۆ ئەم دۆخە نوێیە سیاسییەی لە عێراقدا هاتوەتە ئاراوە.

پەیوەست بە چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم و بە تایبەتیش چاكسازییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە، قوباد تاڵەبانی ئەوەی خستەڕوو، سوپاسی راوێژكارەكانی ئەڵمانیا دەكەین كە لە چەند ساڵی رابردودا لە نزیكەوە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئۆفیسی جێگری سەرۆك وەزیرانیان كردوە و هیوای خواست ئەم هاوكارییانە بەردەوام بن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا