مەسعود بارزانی: سەرچاوەی قەیرانی سیاسیی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە دەستوورەوە

پۆڵەتیک پرێس:

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕایگەیاند، “سەرچاوەی كێشەكان و قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە دەستوور و نەمانی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان لە پڕۆسەی سیاسی و رێزنەگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دیموكراسی دەگەڕێتەوە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە مەسعود بارزانی لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا جەختی لەوە کردەوە، “هیچ لارییەكمان لە بابەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە بە مەرجێک زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ بكرێت و هیچ لایەن و پێكهاتەیەک پەراوێز نەخرێت و رێزیش لە ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێک بگیرێت كە بەڕێوەدەچێت”.

دووپاتیشی کردەوە، “لە عێراقدا دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان فەرهەنگی یەكتر قبووڵكردن هەبێت و نابێت هیچ لایەنێک هەوڵی سڕینەوەی لایەنی دیکە بدات و دەبێت رێز لە دەستوور بگرێت”.

لە بەرامبەردا باربارا لیف سڵاوی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکای گەیاند بە مەسعود بارزانی و وتی، “بایدن بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لە کارە لەپێشینەکانی سیاسەتی دەرەكیی ئەمریکا”.

ئەوەشی خستەڕوو، “سەروەری و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق بناغەیە بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی ناوچەكە و وڵاتەكەی پەرۆشیەكی زۆری بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق هەیە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا