سکاڵای یاسایی دژی نوری مالکی تۆماردەکرێت

پۆڵەتیک پرێس:

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نەساڕ ڕەبیعی ئەمینداری گشتی کوتلەی سەدر ئەمڕۆ چوارشەممە سکاڵایەکی یاسایی دژی نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا تۆمارکرد.

لە سکاڵاکەیدا نەساڕ ڕەبیعی لەسەر ڕۆشنایی ئەو تۆمارە دەنگیانەی لەماوەی ڕابردوودا بەناوی نوری مالکی بڵاوکرانەوە داوا دەکات، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ مالکی دەربکرێت و ڕێگری گەشتکردنی لێبکرێت.

لە نوسراوەکەدا ئەمینداری گشتی کوتلەی سەدر دەڵێت، “لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمارێکی دەنگی داواکراو (نوری مالکی) بڵاوبووەتەوە تێیدا بەئاشکرا هەڕەشە لە ڕەوتی سەدر بەگشتی و موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر بەتایبەتی دەکات”.

ئاماژە بەوەش دەکات، “لە بەشێک لە تۆمارە دەنگییەکەدا مالکی هەڕەشەی کوشتن و ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشی چەکداری لەڕێی چەند گروپێکەوە کە خۆی چەکداری کردوون تا هێرش بکەنەسەر کوفە و نەجەفی ئەشرەف کە دووەمیان شوێنی مانەوەی موقتەدا سەدرە و کوفەش شوێنی ئەنجامدانی نوێژی هەینی لایەنگرانی سەدرە”.

نەساڕ ڕەبیعی ئەوەش دەخاتەڕوو، “داوا دەکەین ڕێکاری یاسایی بەرامبەر نوری مالکی بگیرێتەبەر و بەپێی حوکمەکانی یاسای 13 ساڵی 2005 ماددەی دووەم بە تۆمەتی هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی ترس لەناو خەڵکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکەن و ڕێگری بکەن لەوەی بچێتە دەرەوەی وڵات”.

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی سێشەممە سەرچاوەیەکی دادوەری ئاشکرای کرد، هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ڕێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکەی مالکی بەردەوامن.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا