هەرێم و بەغدا بۆ هێرشی دژی داعش رێكنەكەوتوون

پۆڵەتیك پرێس:

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، تا ئێستا حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێم نەگەشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك بۆ ئەنجامدانی كردەی سەربازی هاوبەش دژی داعش، لەو ناوچانەی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی سەربازی حكومەتی عێراق.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سەربازی حكومەتی فیدراڵی عێراق جموجوڵەكانی داعش بەردەوامە و تەنانەت دوای ساڵی 2017ش، كە وترا كۆتایی بەداعش هاتووە، ئەوان جموجوڵیان هەر بەردەوام بووە لە ناوچەكانی دیالە و كەركوك و مەخمور و قەرەچوخ و دەشتی نەینەوا، سەرژمێری ساڵانەمان لایە كە هیچ كاتێك جموجوڵەكانی داعش لەو ناوچانە كۆتاییان نەهاتووە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، وتی: تائێستا هەرێم و ناوەند نەگەشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بەتەنها یان بەهاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردەی سەربازی دژی داعش ئەنجام بدەن لەو ناوچانەی شوێنی جموجۆڵی داعشن.

جەبار یاوەر رونیشیكردەوە، چەند دانیشتنێك كراوە و قسەمان لەسەر میكانزمەكان كردووە، لە هەردوولاوە تێگەشتنی هاوبەش هەیە لەبەر ئەوەی ئەو پرۆسەیە ناوچەیەكی زۆر دەگرێتەوە بە نزیكەیی 1000 كیلۆمەتر لە خانەقین تا رەبیعە پرۆسەیەكی ئاسان نییە.

یاوەر جەختی كردەوە، زۆرترین كردەی تیرۆرستی لەو ناوچانەن كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدان، وتی: ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە هێڵی بەرگری خۆمانمان توند كردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا